چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە هێرشەكەی شەوی ڕابردوویاندا بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە سێ لاوە پەلاماری پێشمەرگەیان داوە و لە ئەنجامدا ئەفسەرێكی پێشمەرگە شەهید بووە.
چەكدارانی پەكەكە بە پلانێكی پێشوەختە پەلاماری هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان لە سنووری پارێزگای دهۆك داوە و لە ئەنجامیشدا پێشمەرگەیەك بە ناوی جاهید عەبدولڕەحمان كە پلەی ملازمی یەكەمە شەهید بووە.
هەر لەمبارەیەوە كەناڵی (كوردستان ٢٤) لە زاری پەیامنێرەكەیەوە ئاشكرای كرد كە لە دەروازەی گوندی سەرگەلێ بۆ گوندی دێرەشێ لە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆك، پێشمەرگە بازگەیەكی لەسەر شەقام داناوە بۆ ڕێگەگرتن لە كاری نایاسایی و قاچاخچێتی، بەڵام ئۆتۆمبێلێكی چەكدارانی پەكەكە بەبێ گوێدانە بازگەكەی پێشمەرگە و بە خێراییەكی زۆر هاتووە، چەكدارانی پەكەكە لە نێو ئۆتۆمبێلەكە تەقەیان لە پێشمەرگە كردووە.
هاوكات لەگەڵ ئەو تەقانەی لە نێو ئۆتۆمبێلەكەوە لە پێشمەرگە كراوە، چەكدارانی پەكەكە لە سێ لاوە تەقەیان لە هێزەكەی پێشمەرگە كردووە، لە بەرامبەریشدا پێشمەرگەكانی بازگەكە بەرگرییان لە خۆیان كردووە و دۆخەكە ماوەی كاتژمێرێكی خایاندووە.
ئەمە یەكەمین جار نییە پەكەكە پەلاماری پێشمەرگە دەدات، لەم دواییانەشدا لە ٤ی ١١ی ٢٠٢٠ لە سنووری گوندی چەمانكێ لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆك، چەكدارانی پەكەكە پەلاماری پێشمەرگەیان دا و بەهۆیەوە ژمارەیەك پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون.
وێنەی جاهید عەبدولڕەحمان كە لە هێرشەكەی پەكەكەدا شەهید بوو:










