پرۆژەی ئاوی فایدە لە پارێزگای دهۆک کرایەوە و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت: “پڕۆژەکە بە گوژمەی 33 ملیۆن دۆلار و لە ماوەی هه‌زار و 34 ڕۆژدا تەواو کراوە”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10/12/2020، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دکتۆر عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، کلێمنس سەمنتەر، کونسوڵی گشتیی کۆماری فیدراڵیی ئەڵمانیا، ئۆلیڤەر دیکۆتیگنەس، کونسوڵی گشتیی کۆماری فەرەنسا، بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوی GIZی ئەڵمانی، پرۆژەی ئاوی فایدە لە پارێزگای دهۆک کرایەوە، کە لەلایەن ڕێکخراوی GIZی ئەڵمانی دابین کراوە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێش کردنەوەی پڕۆژەکە لە گوتارێکدا ڕای گەیاند: “خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە پارێزگای دهۆکی دەلال كۆ بووینەوە بۆ دەستپێکی كردنەوە و کارکردنی (پڕۆژەی ئاوی فایدەی ستراتیژی) کە لەلایەن ڕێکخراوی GIZ ئەڵمانی جێبەجێکراوە، پڕۆژەکە بە گوژمەی 33 ملیۆن دۆلار و لە ماوەی هه‌زار و 34 ڕۆژدا تەواو کراوە، ئەو كەسانەی لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژیەدا سوودمەند دەبن، زیاتر لە 200 هه‌زار كەس دەبن و بەسەر هەشت شارەدێ و كۆمەڵگە و كەمپی ئاوارە و شوێنەکانی دیكه‌ی نیشتەجێبوون دابەش بوونە، هەر لە فایدە و كۆمەڵگەی شاریا و سەربازگەی ئازادی، تا دەگاتە هەردوو كامپی 1 و 2ی ئاوارەكانی سووریا و كامپی كەورتۆ”.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشى: “سێکتەری ئاو لە ڕیزبەندی پێشەوەی کارەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردایە و مانگانە بۆ ئەم سێکتەرە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی زیاتر لە 12 ملیار دینار خەرج دەکات”.