ئەمڕۆ دووشەممە بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له پەرلەمانی عێراق رایگه‌یاند كە مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق په‌له له ناردنی ٣٢٠ ملیار دیناره‌كه بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و بە دوای دەرچەیەكدا دەگەڕێت بۆ ناردنی.
ئه‌حمه‌د سه‌فار بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له پەرلەمانی عێراق بە كەناڵی “كوردستان ٢٤”ی راگەیاند “ئێمه رۆژانه به‌دواداچوون بۆ ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەكە ده‌كه‌ین، هه‌رچه‌ند ئه‌و بڕه پاره‌یه له وه‌زاره‌تی دارایی ئاماده‌یه و سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری دارایی ده‌یانه‌وێت ئه‌و بڕه پاره‌یه بۆ هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه بكه‌ن، به‌ڵام تێپه‌ڕاندنی یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی دارایی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بووه‌ته رێگر له‌به‌رده‌میان و به‌هۆی فشارێكی زۆری لایه‌نه‌كان، ئه‌وان ده‌ترسێن و نا‌وێرن بینێرن”.
گوتیشی مسته‌فا كازمی سووره له‌سه‌ر ناردنی ئه‌و بڕه پاره‌یه بۆ هه‌رێمی كوردستان و له‌گه‌ڵ شاندی هه‌رێم به‌دوای ده‌رچه‌یه‌كی یاساییدا ده‌گه‌ڕێن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌زووترین كات ره‌وانه‌ی بكات.
سەفار له‌باره‌ی ناردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی ساڵی (٢٠٢١)ی عێراق بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران گوتی “به‌گوێره‌ی یاسای ئیداره‌ی دارایی عێراق، پێویست بوو به‌ر له (١٥)ی مانگی رابردوو ئه‌و پڕۆژه یاسایه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كرابا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان به‌لایه‌نی كه‌م پێویستی به مانگێك تا دوو مانگ هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت پڕۆژه‌كه تاوتوێ بكات، چونكه پڕۆژه‌ی بودجه وه‌ك هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی دیكه نییه، به‌ڵكو ئه‌مه پلانێكی ئابووری، دارایی، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه و په‌یوه‌ندی به ژیانی یه‌ك ساڵی خه‌ڵكه‌وه هه‌یه”.










