جۆ بایدن، بەربژێری سەرکەوتوو بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، چەند ناوێکی بۆ پۆستە باڵاکانی ئیدارەکەی راگەیاند، کە بڕیار وایە لە 20ی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو بچێتە کۆشکی سپی.
جۆ بایدن دەستی کردووە بە پڕکردنەوەی پۆستەکانی ئیدارەکەی، لەکاتێکدا هێشتا دۆناڵد ترامپ، دانی بە شکستی خۆی و بردنەوەی بایدنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا نەناوە.
بایدن، بۆ وەزارەتی دەرەوە، ئەنتۆنی بلینکنی دیار کردووە. هەروەها جۆن کیری، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکای وەک نێردەی تایبەت بۆ کاروباری کەشوهەوا دیار کردووە، ئەمەش لەکاتێکدا دێت، کە جیهان چاوەڕوانە ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی پاریس بۆ کەشوهەوا، دوای ئەوەی ترامپ لێی کشایەوە.
کیری لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئۆباما لە 2013 -2017، پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای پێ درابوو.
هەروەها بۆ ئاسایشی ناوخۆ، ئەلیکساندرۆ مایۆرکاسی وەک وەزیر دیار کردووە، بەمەش مایۆرکاس دەبێ بە یەکەم کەسی ئەمریکی بە رەسەن لاتینی، ئەو پۆستە وەربگرێ.
لای خۆشیەوە، ترامپ سەرسوڕمانیی خۆی دەربڕی لە بەردەوامبوونی بایدن لە پێکهێنانی ئیدارەکەی، کە هێشتا هەڵمەتی کۆمارییەکان بۆ شەڕی دادوەریی بەردەوامە، بۆ بەتاڵکردنەوەی ئەو ئەنجامانەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە چەند ویلایەتێکدا.









