ڕێكخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بەیاننامەیەكی لە دژی هێرشە مووشەكییەكەی دوێنێی میلیشیاكانی عێراق لە بەغدا دەركرد و داوای پاراستنی منداڵانی وڵاتەكەی كرد.

یونیسێف ئاماژەی بەوە داوە كە كوژرانی منداڵێك لە میانی هێرشە مووشەكییەكەی دوێنێ شەوی ناوچەی سەوزی بەغدا سەركۆنە دەكەن، داواشی كردووە ژیانی منداڵانی وڵاتەكە لە دەست میلیشیاكان بپارێزرێ.

لای خۆیەوە حەمیدە لاسیكۆ نوێنەری یونیسكۆ لە عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند زۆر بەداخن كە هێرشەكەی دوێنێ شەوی بەغدا بووە هۆی كوژرانی منداڵێك و چەند كەسێكی تریشی بریندار كرد.

هەروەها گوتی پێویستە ماڵ شوێنێكی ئارام بێت بۆ منداڵ، شوێنێك بێت منداڵ تیایدا پارێزراو بێت و خۆشی لە ساتەكانی ژیانی ببینێت و خۆشەویستی و سۆزی لەلایەن كەسوكاریەوە پێبدرێت، بەڵام بە داخەوە ماوەی نزیكەی “٤٠” ساڵە منداڵ قوربانیی توندوتیژییەكانن لەم وڵاتە و باجەكەی دەدەن.