د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند لیژنەی دارایی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق رێککەوت، کە حکومەت ئەم هەفتەیە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران بکات
د.ئەحمەد سەفار، ئەمڕۆ دووشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “کاژێر 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە درێژایی سێ کاژێر لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی، وەزیری پلاندانان و پارێزگاری بانکی ناوەندیی کۆبووەوە، لە کۆتاییدا رێککەوتین حکومەت خێرا و لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات، چونکە وەزارەتی دارایی یەدەگی پارەی هەیە بۆ پێدانی مووچە”.
دکتۆر ئەحمەد سەفار گوتیشی: “هەروەها رێککەوتین تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە پەرلەمان پرۆژە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی ساڵی 2020 بە هەندێک دەستکارییەوە پەسەند بکات، بێگومان ئەو قەرزەشی کە حکومەت داوای کردووە کەمتر دەکەینەوە،”.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەدا داوای لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگاتە رێککەوتنێکی سیاسی، رێککەوتنەکەش لە رووی داراییەوە لە بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021دا رەنگبداتەوە، بۆ ئەوەی چیدی کێشەی مووچەی هەرێمی کوردستان نەمێنێ.









