میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند، جۆ بایدنی بەربژێری دیموکراتەکان بووە 46ـەمین سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا و لە دۆناڵد ترەمپی، بەربژێری کۆمارییەکانی بردەوە. 
دوای چوار رۆژ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان راگەیێندرا و جۆ بایدن ویلایەتی پەنسلڤانیای بردەوە و بەمەش بووە 46ـەمین سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا و 284 دەنگی نوێنەرانی بەدەستهێنا.
بردنەوەی ئەمجارەی دیموکراتەکان بەسەر کۆمارییەکان مێژووییە، بایدن زیاتر لە 4 ملیۆن دەنگی لە ترەمپ زیاترە، بایدن 50.6 لەسەدای دەنگی بەدەستهێناوە کە دەکاتە دەنگی 74 ملیۆن و 847 هەزارو 834 کەس، ترەمپیش 47.7٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، ئەویش دەکاتە 70 ملیۆن و 591 هەزارو 531 دەنگ.
هێشتا ویلایەتی نیڤاداو جۆرجیا ماوە یەکلایی ببێتەوە، بەڵام لە هەردوو ویلایەتەکان بایدن لەپێشە، تەنیا لە نۆرت کارۆلاینا ترەمپ لەپێشە، بەڵام بە یەکلاییبوونەوەی هەردوو ویلایەتەکە بردنەوەکەی دیموکراتەکان مێژووییە.
ئەمڕۆ جۆ بایدن رایگەیاند، کە ئەوان سەرکەوتنی پێشوەختە راناگەیێنن، “بەڵام ژمارەکان پێمان دەڵێن، ئەوە روونە کە ئێمە دەیبەینەوە”. دەشڵێت، لە رۆژی رابردووەوە دەستبەکاربوونە لەگەڵ کامالا هاریسی جێگری، لەگەڵ ژمارەیەک لە شارەزایانی ئابووری و تەندروستی کۆبوونەتەوە و باسی پلانی تەندروستی و ئابوورییان کردووە.