مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان راپۆرتێكی لەبارەی ھەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازی و پڕۆژەكانی حكومەت پێشكەش كرد و رایگەیاند، چاكسازی پرۆسەیەكی بەردەوامە و ھەموو كەرتەكان دەگرێتەوە.

مەسرور بارزانی رایگەیاند، خۆم بە بەختەوەر دەزانم كە ئەمڕۆ ھاتوومە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی چەند بابەتێكی گرنگ كە جێی بایەخی پەرلەمان و رای گشتییە بیخەمەڕوو، بێگومان پەرلەمانی كوردستان وەك دەزگایەكی شەرعی و گرنگ و باڵای دەستووری، ھەمیشە جێگەی بایەخ و رێزی ئێمە بووە، لە دوای سوێند خواردمان و دەسبەكاربوونمان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، پەیوەندی بەھێز و پتەومان لەگەڵ پەرلەمان و دەسەڵاتەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان ھەبووە، كە كاریگەری ئەرێنی ھەبووە لەسەر باشتر جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان. بەراورد لەگەڵ خولەكانی دیكەی پێشووی پەرلەمان، ئێمە لە كابینەی نۆیەمی حكومەت زۆرترین وەزیر و بەرپرسانی حكومەتمان ناردووە پەرلەمان و كۆبوونەوەی لیژنەكانی پەرلەمان، لەسەر بنەمای شەفافیەت بە ئەركی خۆمان زانیوە راستییەكان بە خەڵكی خۆمان بڵێین، دوور لە ھەموو موزایەدەكردنێك بەردەوام دەبین لە چاكسازی.

سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی، بەم نزیكانە ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتێكی تایبەت و پڕ وردەكاری لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی رەوانەی پەرلەمان دەكات.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، لەماوەی ساڵێكی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، ھەرێمی كوردستان و عێراق و جیھان تووشی چەند قەیرانێكی تەندروستی و ئابووری بوونەتەوە. بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان، كاریگەری لەسەر ھەموو بەشەكانی ژیان دروستكردووە، ئەم قەیرانانە كێشەی نەك ھەر بۆ ئێمە، بەڵكو بۆ وڵاتە زلێھزەكانی ئابووری و پیشەسازی جیھان دروستكردووە، ئابووری ئەو وڵاتانەی تووشی داڕمان كردووە. سەرەڕای ھەموو ئەو قەیرانانە، بەڵام ئێمە لە كاركردن و جێبەجێكردنی پڕۆژە ستراتیجییەكان نەوەستاوین، بەپێی توانای دارایی بەردەست بەردەوامین.

سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان راشیگەیاند، دەبێ بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخەی سەختەی تەندروستی و داراییەی ھاتووەتە پێش، ھەڵسەنگاندن بۆ ئەدای حكومەتی ھەرێمی كوردستان بكرێت.

مەسرور بارزانی، لەبارەی پرۆسەی چاكسازی گوتی، ھەر لە سەرەتاوە بە گرنگییەوە كارمان لەسەر چاكسازی كردووە، بەڵام چاكسازی پرۆسەیەكی بەردەوامە و بە شەو و رۆژێك تەواو نابێت، بەڵكو بەردەوام دەبێت و ھەموو كەرتەكان دەگرێتەوە. ئێمە لەسەر چەند ئاستێكی جیاواز دەستمان بە چاكسازی كردووە، كە بەسەر دوو بەشی سەرەكی دابەش دەكرێت ( چاكسازی دارایی) و (چاكسازی كارگێڕی).