سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکانی شەوی چوارشەممە، کەمێک پێش ئێستا ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تیایدا ئاشکرای دەکات کە فەرمانی دەستبەسەرکردنی بەرپرسی ئەمنیی ئەو ناوچەیەی نەینەوا دراوە کە مووشەکەکانی لێوە ئاراستەی هەولێر کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە “ئێوارەی چوارشەممە (30/ 9/ 2020) گرووپێکی تیرۆریستی بە مووشەک پارێزگای هەولێریان بە ئامانج گرت، کە لەسەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیاوە هاوێژراون و مووشەکەکان لە باکووری رۆژئاوای شاری هەولێر لەنزیک چەند گوندێک کەوتوونەتە خوارەوە”.
ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق راشیگەیاندووە کە دوو مووشەک لە نزیک خێوەتگای حەسەن شام کەوتوونەتە خوارەوە، ئەو مووشەکانە لە دۆڵی تەرجلەی نزیک قەزای حەمدانییە لە پارێزگای نەینەواوە هاوێژراون و ئاماژە بە هیچ زیانێک نەکراوە،.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە “هەروەها ئەو ئوتومبێلەی مووشەکەکانی لەسەر هاوێژراوە، سووتێنراوە، سەبارەت بەم کردەوەیە، فەرمانی دەستبەسەرکردن بۆ فەرماندەی ئەو هێزە دەرچووە، کە بەرپرسە لەو ناوچەیەی ئەو مووشەکانەی لێیەوە هاوێژراون و لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەستی پێکردووە، دواتر لە تەواوی زانیارییەکان ئاگادارتان دەکەینەوە”.









