لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات، کە بڕی شەش تریلیۆن دیناری بە قەرز وەرگیراو، دیار نەماوە.

پێشتر حکوومەتی عێراق بەهۆی کورتهێنانی داهات، بە رەزامەندیی پەرلەمانی عێراق، پێنج ملیۆن دۆلار لە دەرەوەی عێراق و 15 تریلیۆن دیناریش لە ناوخۆ بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، قەرز کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 29-9-2020، ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاندووە، لەو 15 تریلیۆن دینارەی بە قەرز وەرگیراوە، تا ئێستا نۆ تریلیۆنی وەک مووچە دابەش کراوە و چارەنووسی شەش تریلیۆنەکەی دیکە دیار نییە.

پێشتر ئەحمەد سەفار لەبارەی قەرزەکانی سەر عێراق و کاریگەرییان لەسەر هاووڵاتییان، رایگه‌یاندبوو  ئەگەر قەرزەکانی سەر عێراق بەسەر هاووڵاتییان دابەش بکرێ، هەر منداڵێکی تازە لەدایکبوو، بە بڕی سێ هەزار دۆلار قەرزارییەوە لەدایک دەبێ.