سەگڤان هالو
وتارەكەم بەم پرسیارە سەرەكییە دەست پێدەكەم، بۆچی كورد وەك نەتەوەیەكی 50 ملیۆنیی تا ئێستا خاوەن دەوڵەتی خۆی نییە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە لاپەڕەكانی مێژووی سیاسی پێماندەڵێن هۆكار گەلێك هەن، كە رێگربوونە لە بەردەم نەگەیشتنی كورد بە ئامانجی كۆتایی و تا ئەمڕۆش نەیتوانیووە لە سەر خاكی خۆی كیانێكی سیاسی سەربەخۆ بونیات بنێت.

گرنگترینیان نەبوونی یەكڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و بوونی خیانەتی نیشتیمانی بە درێژایی قۆناغەكان و دانانی بەرژەوەندییە تایبەتییەكان لە سەرووی بەرژەوەندی گشتی، هەموو ئەمانە و دەیان هۆكاری دیكە بۆشایی سیاسی گەورەیان دروست كردو و بوونە هۆی دەرفەت رەخساندن بۆ داگیركارانی كوردستان تا بە ئاسانی ئەجێندای سیاسی و مەرامی گڵاوی خۆیان لە نێوخۆی كوردستاندا جێبەجێ بكەن.

شایانی گوتنە هەر كاتێك رەوشێكی سیاسی لەبارو دەرفەتی گونجاو رەخسابێت بۆ كورد، دەوڵەتە داگیركارەكانی كوردستان گەلە كۆمەكییان لە دژی دۆزی نەتەوەیی كورد كردووەو گشت ناكۆكییەكانی نێوان خۆیان وەلا ناوەو چوونەتە نێو یەك بەرەی هاوبەش بۆ لەباربردنی دەرفەتە زێڕینەكانمان، بەڵام بەداخەوە خوێندنەوەی ئێمەی كورد بۆ ئەجێنداو مەرامی سیاسی نەیارانی خۆی بە شێوەیەكی لۆژیكی نەبووە و نییە، تاكو پەندو وانە لە پێلانگێڕییەكانی دوژمنانی خۆی وەرگرتبایە و وەربگرێت.

زۆرن ئەو وێستگانەی رابردوو كە بزاڤی رزگاریخوازی كورد تیایاندا گوزەری كردووەو دەرفەتی زێڕینیان بۆ كورد رەخساندووە، بەڵام كورد نەیتوانی بیانقۆزێتەوە بۆ بەرژەوەندی گەل و وڵاتەكەی، بەڵكو بیری تەسكی حزبایەتی زاڵ بووە بەسەریاندا و بەرژەوەندی نیشتیمانی هیچ مانایەكی نەبووە، ئەمەش گورزێكی بەهێزی لە دۆزی نەتەوایەتی كورد وەشاندووەو تاكو ئێستاش ئاسەوارەكانی بەسەر جەستەی كوردەوە دیارن.

لەم چەند ساڵانەی دواییشدا بەهۆی كومەڵێك گۆڕانكاری سیاسی لە ناوچەكەماندا چەندین دەرفەتی گەورە بۆ كورد هاتنە ئاراوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامبوونی لە یەكترترازان و غیابی یەكگوتاریی سیاسی ناوخۆ و هەڵەكانی رابردوو، نەبوونە پەند بۆ لایەنەكان و دەرفەتەكانیان لە دەستدا، لە جیاتی یەكدەنگی و یەك هەڵوێستی و بەهۆی بۆشایی سیاسی گەورەترین خیانەتی نیشتیمانی لێكەوتەوە لە 16 ئوكتۆبەری 2017دا، كەبووە بەربەست لە بەردەم راگەیاندنی دەوڵەتی كوردیدا لە باشووری كوردستان.

لە كۆتاییدا دەڵێین ئێمەی كورد تاكو نەبینە خاوەن گوتارێكی سیاسی یەكگرتوو و پەندو وانە وەرنەگرین لە كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی بۆشایی سیاسی، چارەنووسمان لەوەی كە هەیە باشتر نابێت و رۆژ دوای رۆژ لە ئامانجی پیرۆزی نەتەوەییمان دوورتر دەكەوینەوە، كوردستانێكی خاوەن دەوڵەت یەكسانە بە یەكڕیزی و یەك هەڵوێستیمان لە نێوخۆدا.