ئەمڕۆ لە لایەن خانەوادەی نەخۆشێکەوە هێرش کرایە سەر پزیشکێک و کارمەندانی تەندروستی لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر، لەمبارەیەوە وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیەنێت کە وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستی لەسەر هێڵن بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران.
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە “بە هۆی ڕووداوی هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر لەلایەن چەند کەسێکی خانەوادەی نەخۆشێک و هێرشی ناڕەوا و نابەجێی سەر پزیشکێکی نیشتەجێ و کارمەندانی نەخۆشخانەکە لەکاتی ئەرکی پیرۆزی مرۆڤدستانە و خزمەتکردنی هاووڵاتیان و قسەی نەشیاو بە پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەران و تا ڕادەی لێدان”.
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە “وەزیری تەندروستی لەگەڵ وەزیری ناوەخۆ و لایەنی پەیوەندار لەسەر هێڵ و پەیوەندی دایە و داوای پەلەی کرد بۆ دەستگیرکردنی تەواوی تاوانبارانی ئەم ڕوداوە و ڕەوانەکردنیان بۆ دادگا و سزادانیان و لێکوڵینەوە لە کەسانی کەمتەرخەم بۆ پاراستنی گیانی پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانە”.
ئاماژە بە ئەوەش دراوە کە “هەر ئەمڕۆ وەزیری تەندروستی پەیوەندی بە نەخۆشخانە و پزیشکی تاوان لێکراو کرد و پێیڕاگەیاندن کەوا تەواوی دامودەزگای پەیوەندار ڕێکاری یاسایی دەگرێتەبەر بۆ بەسزا گەیشتنی تاوانباران و پاراستنی شکۆی نەخۆشخانە و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی”.









