كۆریای باشوور هاوكاری پێداویستی پزیشكی بەخشیە هەرێمی كوردستان كە لەلایەن ڕێكخراوی كۆیكای دابینكراوە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19، وەزیری تەندروستیش ڕایگەیاند، لە ٢٤ كاتژمێری ڕابردوو ٥٧٣ كەس تووشی كۆرۆنا بوون، ٢٠ كەسیش گیانی لەدەستداوە.
د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەوە جاری یەكەم نیە كوریای باشوور هاوكاری وەزارەتی تەندروستی دەكات، ئەمڕوش چەند ئامێرێكی نوێ بۆ یەكەم جار پێشكەش بەهەرێم دەكرێت كە لەلایەن كۆریاوە دروستكراوە كەوا كارەكان بۆ پشكنین و وەرگرتنی نموونە خێراتر دەكات.
دەشڵێت”بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا جەنگێكی بەردەوامە لەجیهاندا و هەرێمی كوردستانیش بەشدارە لەم جەنگەدا، بۆیە هیوادارین هاووڵاتیان خۆپارێزی لەسەر ئاستی تاك بەردەوام بن”.
وتیشی”لە ٢٤ كاتژمێری ڕابردوو ٥ هەزار ٣١١ پشكنین لە ١٨ سەنتەرو تاقیگە بۆ دۆزینەوەی حاڵەتەكان ئەنجامدراوە بەداخەوە ٥٧٣ كەسی دیكە لەهەرێم تووشی كۆرۆنا بوون، ٢٧٤ كەسیش چاكبوونەتەوە، ٢٠ كەس گیانیان لەدەستداوە كە ئومێد دەكەین هاوڵاتیان پابەندی ڕێنماییەكان بن تاوەكو لەوەرزی پایز ژمارەی تووشبووان و مردوانیش كەم بكرێتەوە و بڵاوبوونەوەشی هێواش بكرێتەوە، ڕاستە ڕێژەی تووشبووان لەچاو وڵاتان كەمترە، بەڵام بۆ ئێمە یەك حاڵەتیش زۆرە، پێشبینیەكانی جیهانیش بۆ دروستكردنی ڤاكسین بەردەوامە بەڵام تائێستا هیچ دەرمان و ڤاكسینێك نیە ئەگەر هەشبێت دابین دەكرێ، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەش خۆپارێزی و تاكپارێزی باشترە لەم ڤایرۆسە كوشندەیە”.
ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە هەزار ٣٤٠ كەس، ئەوانەشی تووشبوون ٣٦ هەزار و ٥٥٦ حاڵەت، زیاتر ٣٨٠ هەزار ٤٠٠ پشكنین ئەنجامدراوە ١٢ هەزار و ١٨٠ كەسی تووشبووش لەماڵەوە چارەسەر وەردەگرن.









