ئەمڕۆ هەینی تیمی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دوایین زانیارییان لە بارەی دۆخی تەندروستیی لە پارێزگاکە خستە ڕوو و هۆشداریشیان دا لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دەڤەرەکە.

د. جیهاد ئیبراهیم، سەرۆكی تیمی ڕووبەڕووبوونەوەی  پەتای كۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا  ڕایگەیاند: ”ژمارەیەكی زۆر كەیسی كۆرۆنامان هەیە لە هەڵەبجە و بەپێی دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستی تاوەکو (٢/٩/٢٠٢٠) زیاتر لە (٩٠٠)نەخۆشی كۆرۆنا هەبووە لە پارێزگای هەڵەبجە،  ئەو ژمارەیە بە (پی سی ئاڕ) دیاریكراون ، بەڵام  نەخۆشی كۆرۆنا تەنیا بە (پی سی ئاڕ ) دیاری نابێت من دڵنیاتان دەكەمەوە زیاد لە ٢ هەزار نەخۆشمان هەیە لە هەڵەبجە و ئێمە وەكو پزیشكان بینیومانن و لە ماڵەوە و لە نەخۆشخانەكان چارەسەریان وەرگرتووە، ئێستا هەندێكیان لە ژێرچاودێریدان و هەندێكی دیكەیان چاك بوونەتەوە و هەندێكیشیان دۆخی تەندروستیان جێگیر نییە و لە نەخۆشخانەی وەفان”.

ڕونیشیكردوە: ”ئێستا زیاتر لە (٣٠) نەخۆش لەناو نەخۆشخانەی وەفا خەوێندراون و دۆخی  تەندروستی هیچیان جێگیر نییە و هەموویان پێویستیان بە ئۆكسجینە و چەند كەسێكیشیان لە ژێرچاودێری چڕدان”.

بە گوتەی سەرۆكی تیمی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە، دۆخی تەندروستیی و توشبووانی كۆرۆنا لە هەڵەبجە لەمەترسیدایە و  پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان بێنە سەر هێڵ.

گوتیشی: ”كۆرۆنا لە هەڵەبجە خەریكە زیاتر دەبێت، ئەگەر ٥ نەخۆشی تر هەبێ نەخۆشخانەی وەفا پڕ دەبێت و توانای وەرگرتنی هیچ نەخۆشییەكی ترمان نامێنێ، بۆیە لێرەوە پەیامێك دەگەیەنم ئەگەر لە ماوەیەكی دیاریكراودا لایەنی پەیوەندیدار نەیەتە سەرخەت توانای مرۆڤانەمان نامێنێ و خۆم و هاوكارەكانم دەست لەم كارە هەڵدەگرین”.

هاوكات ئاراس حەمە سەعید، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی وەفا لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند: ”پێویستە بودجەیەكی تایبەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بۆ هەڵەبجە دابین بكرێت، ئەگەر دابین نەكرێت کارەکانمان دەوەستێت”.