ئەکرەم قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی رایگەیاند کە دوێنێ شەو باندێکی ١٠ کەسی لە نێو شاری سلێمانی دەستگیرکراون کە لە ماوەی ڕابردوودا بە هێزی چەک باج و سەرانەیان لە هاووڵاتیان وەرگرتووە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی ئاشکرای کرد کە کاتژمێر (٢:٣٠) خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ باندەکە پاش ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی پۆلیس دەستگیرکراون کە پێکهاتوون لە ١٠ کەس و چوار ئۆتۆمبێلیان پێبووە و دوو لە ئۆتۆمبێلەکان تابلۆی وەزارەتی پێشمەرگەیان پێوەیە“پێشبینی دەکرێ ساختە بن“.
ئاشکراشی کرد کە ئەو کەسانە چەکێکی جۆری بیکەیسی و دانەیەکی جۆری m4 و چوار کڵاشینکۆف و پێنج دەمانچە و چەند تەقەمەنییەکی دیکەیان پێوە گیراوە و لە ماوەی ڕابردوودا بە هێزی چەک باج و سەرانەیان لە ژمارەیەک هاووڵاتی لە نێو شاری سلێمانی وەرگرتووە.
پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی راشیگەیاند کە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بەردەوامە و لە داهاتوودا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا دەکەن.









