غازی حەسەن

هەندێک ناکۆکییەکانی ئەم هەڵبژاردنەی ئەمەریکا بەشکانی دیموکراسی و ناسروشتی وەسف دەکەن، پێیان وایە ناکۆکی کۆماریی و دیموکراتەکان گەیشتۆتە ئاستێک ئەمەریکای لەتکردووە و هاووڵاتیانی دووچاری دۆخێکی دەروونی خراپ کردووە.  لەکردەوەدا لەم قۆناغەدا بەهۆی شێوازی کارکردنی سەرۆک ترەمپ، کە دیاردەیەکی نوێ و ناوازەیە لەچۆنیەتی سەرکردایەتی ئەمەریکادا، ڕکابەری حزبایەتی بەشێوەیەک توند و زەقە، لەمەدا بۆمان دەردەکەوێت دیموکراسیەت بەتەنیا ناتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات، ئەگەر ئیرادەیەکی دادپەروەرانەی یاسایی و پشت ئەستور بەڕێزگرتن لەئیرادەی هاووڵاتی و دەنگەکانیان نەبەستێت.

ترەمپ دەڵێت ئەگەر دیموکراتەکان  ببەنەوە، ئەوە بەدڵنیاییەوە لەڕێگەی ساختەکاری و  دەستکاری دەنگەکان دەبێت، لەمەش پتر دەڵێت ئەگەر من دەرنەچم، ئەمەریکا دەکەوێت و تووشی قەیرانی سەرکردایەتی و پاشەکشە دەبێت. ئایا بەڕاستی ئەو وڵاتە زلهێزە خاوەن دامەزراوە دیموکراسی  و دەستورییە، بەهۆی دۆڕانی یەکێک لەسەرکردەکانی، تووشی قەیرانێکی لەئێستا خراپتر دەبێت و ئەمەریکا دەکەوێت، یان ئەمە بەشێکە لەپڕوپاگەندەی هەڵبژاردن. دیموکراسیەت لە ئەمەریکا هێندە متمانەدار و بەهێز و کاریگەرە، دەرفەتی هەموو جۆرە ململانێ و قسەکردن و گوتارێک دەدات، بەڵام کەوتنی وڵات خەیاڵێکە. دیموکراسیەت لە ئەمەریکا گەیشتۆتە ئاستێک و هێندە پێشڕەوانەیە لەبواری ئازادی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوە و ئاینداری و کەلتوور و دەنگدان و پێکەوەژیان، بنەماکانی هێندە پتەوە، ئاسان نییە، نەک دەوڵەت، بەڵکو خەڵکیش دەستبەرداری بن. بۆیە ئێستا لەڕاگەیاندن باس لەوە دەکەن، ترەمپ و ڕکابەرایەتییەکەی ببنە هۆکار بۆ داڕمانی ئەو بنەمایە پتەوە.

ئایا ئەمەریکا دەوڵەتێکی دیکتاتۆری تاکپەرست و بێ دامەزراوەیە، بەدەرنەچوونی ترەمپ دابڕمێت، یان دەرچوونی جۆ بایدن ئەمەریکا بەرەو گۆشەیەکی داخراوی ترسناک ببات؟ بێگومان نەخێر، بەڵام لەم سەردەمەدا کێشەکان هێندە زەق و کاریگەرن، مرۆڤ گریمانەی هەموو شتێک دەکات، گریمانەی شتی خراپ، کاردانەوەی نەگونجاو و ئەنجامی ناپەسەند. لەهەمان کاتدا دوور نییە کۆرۆناش ببێتە سەرەتایەک بۆ گۆڕان لەنێو دەوڵەت و دەرەوەی دەوڵەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش.  

ترەمپ لەڕاگەیاندن ڕاشکاوانە باسی نیگەرانییەکانی لەبارەی ساختەکاری لەژماردنی دەنگەکان دەکات، پێی وایە دەنگدان لەڕێگەی پۆست، لەلایەک دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی هەژماری دەنگەکان و لێکردنەوەیان بۆ ماوەیەک دوا بکەوێت، لەهەمان کاتدا دیموکراتەکان دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە ساختەکاری بکەن و دەستکاری ئەنجامی دەنگەکان بکەن. گوتارێکی ئاشکرا و ڕاشکاوانەیە. ترەمپ وەکو دیاردەیەکی نوێ هەمیشە پشت بە (بروسکە گوتار و  قسەی ڕاشکاوی هێرشبەرانە) دەبەستێت. 

گوتاری ترەمپ گوتارێکی ڕەخنەگرانەی ئابڕوبەرانەیە، بەپێچەوانەی گوتاری (جۆ بایدن)، کە گوتاریکی قوڵی گشتگیری پشت ئەستور بەبنەمای سەرکردایەتیی کردنە. ترەمپ بۆ بردنەوەی ئەم خوڵەی هەڵبژاردن دەبێت هەندێک کاری لەناکاوی سەرنجڕاکێش بکات، بۆ ئەوەی ڕێژەی پاڵشتی دەنگدەر زیاد بکات. ئایا ترەمپ دەتوانێت لەدەرەوەی ئەمەریکا ڕووداوێکی کاریگەر لەقازانجی زیادکردنی دەنگەکانی ئەنجام بدات. دوژمنێکی ئەمەریکا بخات، ئاشتییەکی کاریگەر دروست بکات، لەناوەخۆ دەتوانێت چارەسەری کۆرۆنا ڕابگەیەنێت و ڕێژەی بێکاری کەم بکاتەوە  و ئابووری ئەمەریکا ببوژێنێتەوە؟. ئایا دەتوانێت هاوسەنگی نیشتیمانی لەنێوان پێکهاتەکانی ئەمەریکا و بەتایبەتی ڕەش و  سپی دروست بکاتەوە؟.

کات کەم ماوە، کێشەکان بەرەو توندتر دەچن، دیموکراتەکان بەوردی کار لەسەر تەنگەژە ستراتیژییەکان دەکەن و دەیانەوێت کەمکورتییەکانی ترەمپ، کە لەکردەوەدا هەڵەی زەق و زۆرن، بەکاربهێنن، بۆ بەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەری زۆرتر. 

بێگومان گریمانەی کەوتنی ترەمپ هەمان گریمانەی کەوتنی ئەمەریکا نابێت، مەزاج و تێڕوانینی دەنگدەر گۆڕانی خێرای بەسەردا دێت، هەرچەندە ئەم گۆڕانە لەکتوپڕ و بێ ڕیشە نییە، بەڵام ڕووداوی گەورە کاریگەریی لەسەر ڕەوشی دەنگدان دروست دەکات. بۆیە نابێت کەوتنی ترەمپ ببەسترێتەوە بەسیناریۆی کۆتایی هاتنی ئەمەریکا، بەڵام سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا و پەیوەندیی نێوەدوڵەتی لەکردەوەدا ئەمەریکان دووچاری گێژاوێکی توندکردووە. پێگەی ئەمەریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرانبەر ڕووسیا و لە ئاسیا لەبەرانبەر چین و لەهەندێک شوێنی دیکەشدا لەبەرانبەر پێشڕەوەییەکانی ئێران و تورکیا بەرەو لاوازیی و شکانی متمانە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بردووە.

بڕوا ناکەم پرۆسەی ئەم هەڵبژاردنە ببێتە مایەی لەبەریەک هەڵوەشانەوەی دامەزراوە دیموکراتییەکانی ئەمەریکا، بەڵام ترەمپ دۆخێکی دەروونی و ڕاگەیاندن و پڕوپاگەندەی سیاسی وای دروستکردووە، گومان لەدیموکراسیەتیش بکرێت. ترەمپ (خۆی و دەوڵەتی ئەمەریکا) لەقسەکانی هاوتا و هاوسەنگ دەکات. 

ئاساییە ترەمپ و دیاردەی ترەمپیزم لەسەرکردایەتی کۆتایی بێت، بێگومان لەهەموو ژیانی سیاسی ئەمەریکادا پێ ناچێت هیچ سەرکردەیەک بەقەد ترەمپ لیبرال و هێرشبەر و ئابڕوبەر بووبێت. نە دیموکراسیەتی ئەمەریکا و  نە دەوڵەتی ئەمەریکا بەئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکەون، نە ئەمەریکاش هێندە لاواز و داتەپیوە دابڕمێت، بەڵام ئەمەریکا لەبەراورد بەساڵانی پێشوو، لەقەیرانێکی توندی دیپلۆماسی و متمانە و پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانیەتی لەگەڵ ئەوروپا و دۆستەکانی لە ڕۆژهەڵات و ئاسیا دەژیت. ئەمەش وایکردووە، ترەمپ بڵێت لاوازی من، واتە لاوازی ئەمەریکا، دەرچوونی جۆ بایدن واتا داتەپین و داوەشینی ئەمەریکا.

 بابزانین ترەمپ چۆن چارەسەری نەکەوتنی خۆی و بوژانەوەی ئەمەریکا دەکات، یاخود جۆ بایدن چۆن چارەسەری پاشماوەکانی سیاسیەتی داتەپێنراوی ترەمپ لەهەموو ئاستەکان دەکات، لەبیر نەکەین، نەک تەنیا چارەنووس  و خواستی هاووڵاتیانی ئەمەریکا، بەڵکو ئایندەی سیاسی گەلێک وڵات پەیوەستە بەئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا.