بارزان مەلا خالید، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و کادیری راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەردەمی شۆڕشدا، کۆچی دوایی کرد.

بارزان مەلا خالید بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 25-8-2020 لە نەخۆشخانەیەکی ئەنقەرە کۆچی دوایی کرد.

بارزان مەلا خالید لە ساڵی 1945 لە گوندی موتکەی سەر بە شارۆچکەی قوشتەپە لە پارێزگای هەولێر، لەدایک بووە و لە ساڵی 1966 ببوو بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول.

مەلا خالیدی باوکی، مەلایەکی نیشتمانپەروەر و نزیک بە مەلا مستەفا بارزانی، رێبەری شۆڕشی ئەیلوول بووە و بەهۆی خۆشەویستییەکەی بۆ بارزانی، ناوی کوڕەکەی خۆی کردووەتە بارزان.

بارزان خوێندنی سەرەتایی لە گوندی مورتکە و ناوەندیی لە هەولێر تەواو کردوە و لە کۆتایی خوێندنی دواناوەندیی دا بووە، کە لە بەهاری ساڵی ١٩٦٦دا چووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی بەتالیۆنی دووی سەر بەهێزی سەفین لە لقی چواری دەشتی هەولێر کە فەرماندەکەی عەریف عوسمان یوسف بووە. ساڵی ١٩٦٧ بۆ ماوەی ساڵێک مامۆستای شۆڕش بووە. لەم بارەیەوە دەڵێت: “عەریف عوسمان یوسف لە مانگی نیسانی ١٩٦٧ کە لەنێوان شۆڕش و حکومەتدا وتووێژ هەبوو، بانگی منی کرد و گوتی: بارزان ئەو هەمووە منداڵە لە کۆڵان دەخولێنەوە، بۆچی نایەی کۆیان بکەیەوە و لێرە لە “پیرەر”، بەلایەنی کەمەوە فێری ئەلف و بێیان بکەی و منیش پێداویستییەکانت بۆ دابین دەکەم. خوێندکارێکی تریش هەبوو بەناوی یاسین قادر کە ساڵی ١٩٧٨ شەهید بوو. ئێمە منداڵەکانمان کۆکردەوە، ژمارەیان ٤٠ کەس بوو، تا کۆتایی ئەو ساڵە، واتە خوێندنی ١٩٦٦- ١٩٦٧ لە سەردەمی وتووێژەکاندا حکومەت خویندنگەیەکی لە “باوەقۆق” دروستکرد، باوەقوق و پیرەر دۆڵێکیان لەنێوان دایە. ئێمە خوێندنگەکەمان بردە باوەقوق و خوێندکارەکانمان تێکەڵکردن و بەیەکەوە وانەمان پێگوتن”.

لە پاییزی ساڵی ١٩٦٨، بارزانی مەلا خالید گواستراوەتەوە بۆ رادیۆی دەنگی کوردستانی عێراق کە بنکەکەی لە ئەشکەوتی “سەردێ” لە نزیک قەسرێ لە ناوچەی باڵەكایەتی بووە. تا واژۆکردنی رێککەوتنی ١١ی ئازار لە ڕادیۆ کاری بێژەری کردووە و خوێندنەوەی هەواڵ و رووداوەکانی رادیۆشی لە ئەستۆ بووە. لەم بارەیەوە دەڵێت: “رادیۆکەمان بە دوای رێککەوتی ١١ی ئازار داخرا و من لە ساڵی ١٩٧١وە تا ساڵی ١٩٧٤ کرام بەکارمەند لە قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی هەولێردا و لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٤دا سەرلەنوێ سەرکردایەتی پارتی بڕیاری دا رادیۆ دامەزرێتەوە و من بە ئەمری مەکتەبی سیاسی وەک کادیری رادیۆ گەڕامەوە بۆ رادیۆ کە رادیۆ بەکار بخەمەوە و لەگەڵ یەکەم تەقەی رژێمی عێراق بە دژی گەلی کورد، رادیۆکەمان دەستی بەکار کردەوە”.

بارزانی مەلا خالید، ئەرکی سەرۆکایەتی بەشی کوردی سۆرانی بێژەرانی رادیۆی پێسپێردراوە و بۆخۆشی هەواڵەکانی رادیۆی خوێندوەتەوە. ساڵی ١٩٧٥ کە شۆڕشی ئەیلول راوەستا، ناوبراو چووەتە مەهاباد و لەوێوە رژێمی ئێران گواستویەتەوە بۆ لاهیجان لە پارێزگای گیلان. دوای ماوەیەکی کورت لەو جێیە، رۆژی ٢٠/١٠/١٩٧٥ ئێرانی بەجێهێشتوە و گەڕاوەتەوە بۆ عێراق و لەوێوە گواستویانەتەوە بۆ پارێزگای ئەنبار و لە فەلوجە نیشتەجێیان کردووە.

لە بەهاری ساڵی ١٩٧٩ لە فەلوجەوە گەڕاوەتەوە بۆ ڕیزەکانی شۆڕش و لە حیزبی سۆسیالیستی کوردستاندا کراوە بە بەرپرسی ڕاگەیاندن. ساڵی ١٩٨٢ سەرلەنوێ سەنگەری خۆی گواستۆتەوە بۆ ڕیزەکانی پارتی و کراوە بە ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندنی پارتی و بەرپرسی بەشی کوردی “سۆرانی” ڕادیۆ دەنگی کوردستان و سەرەڕای نوسین وتار، پەخشان و شیعر، بەشەکانی دەنگوباس و لێدوانی سیاسی لە ئەستۆ بووە. تا ساڵی ١٩٨٥ لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان لە خنێرە و ناوچەی هەلەج و شەقڵاوەی سەربە ناوچەی ورمێ خەباتی کردوە و ساڵی ١٩٨٦ گواستراوەتەوە بۆ لقی دووی پارتی دیموکرات و کراوە بە کارگێڕی لق و لە ناوچەی لۆلان و شێخ وەسانان بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی لقی دوو بووە و وەک خۆی دەڵێت مانگانە بەتەنیا گۆڤاری سەفینم بڵاودەکردەوە.

لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٨وە تا ساڵی ١٩٩٠ نوێنەری پارتی بووە لە بەشی ڕاگەیاندنی بەرەی کوردستانیدا و بە هاوکاری لەگەڵ نوێنەری حیزبەکانی بەشدار لە بەرەی کوردستانیدا مانگانە ڕۆژنامەیەکیان بەناوی “بەرەی کوردستانی” بڵاوکردۆتەوە. لە کانونی دووەم ساڵی ١٩٩٠دا بە فەرمانی سەرۆک بارزانی سەرلەنوێ گواستراوەتەوە بۆ ڕادیۆ دەنگی کوردستان و تا ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لەو ڕادیۆیەدا خەباتی کردوە و وەک خۆی دەڵێت دەوری سەرەکی هەبووە لە جۆشدانی جەماوەر و هاندانی پێشمەرگەکان لە ڕاپەڕیندا.

لە مانگی ئابی ١٩٩١دا بارزانی مەلا خالید کراوە بە ئەندامی کارگێڕی لقی دووی پارتی لە شەقڵاوە. ئەندامی یەکێتی نوسەرانی کوردستان و ئەندامی سندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان بووە و سەدان وتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردۆتەوە. لە هەڵبژاردنی ١٩/٥/١٩٩٢ی پەرلەمانی کوردستاندا، ناوبراو بە نوێنەری خەڵکی هەولێر بۆ ئەندامێتیی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ٨/٥/١٩٩٣ پۆستی بریکاری وەزاڕەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستانی دراوەتێ. بەشداریی کۆنگرەکانی ٨ تا ١٣ی پارتی دیموکراتی کردوە، لە کۆنگرەی ١١دا بە ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە و لە کۆنگرەی ١٣ی پارتیدا وتەبێژی کۆنگرە بووە.

ساڵی ٢٠٠٦، بارزان مەلا خالید توشی نەخۆشی دڵ بووە و بەناچار نەشتەرگەری دڵی بۆ کراوە و دواتر بۆ پارێزگاریی کردن لە تەندروستی خۆی، خانەنشین کراوە. ڕۆژی ١٥/١٢/٢٠١٠ بەهۆی خەبات و چالاکییەکانیەوە میدالیای بارزانی وەرگرتووە. لەم بارەیەوە دەڵێت:

– (بە وەرگرتنی میدالیای بارزانی زۆر خۆشحاڵ بووم. هەستم کرد کە بەڕاستی پێشمەرگە و خەباتکار بوومە و پاداشی ڕەنج و خەباتی ماوەی ژیانم لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی بەمن درا.)تەپە سەربە پارێزگای هەولێر لەدایک بووە. باوکی مەلایەکی نیشتمانپەروەر و نزیک بە مەلا مستەفا بارزانی بووە و ناوبراو بەهۆی خۆشەویستییەک کە بۆ بارزانی هەبووە، ناوی کوڕەکەی خۆی کردۆتە بارزان.

بارزان مەلا خالید، بەھۆی نەخۆشییەوە چەند ساڵێك بوو لە چالاكی و كاری رێكخراوەیی دوور كەوتبووەوە. رۆژی 16ی ئەم مانگە لەسەر راسپاردەی سەرۆك بارزانی بۆ چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات كرا.