بەرپرسی لقی هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، نیوەشەوی ڕابردوو لە چوار لاوە كەسانێك كە خۆیان وەك خۆپیشاندەر ناساندووە، هێرشیان كردۆتە سەر بارەگای لقی ١٢ی حزبەكە لە شاری هەڵەبجە.
كەمێك لەمەوبەر، بەسام عەلی، بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی لە هەڵەبجە، پرێس كۆنفرانسێكی ئەنجام دا و تێیدا ئاماژەی بەوە كرد، شەوی ڕابردوو سەرەتا لە ڕێگەی ماتۆڕسكیلێكەوە تەقە لە بارەگای لقەكەیان كراوە، دواتریش لە كاتژمێر ١٢ی شەودا لە چوار لاوە هێرش كراوەتە سەر بارەگای لقەكە و چەكی جۆراوجۆر بەكار هێندراوە، لە ئەنجامیشدا پاسەوانەكانی بارەگاكە ناچار بوون بەرگری بكەن.
هاوكات سوپاسی هەریەك لە وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەڵەبجەی كرد كە لەمبارەیەوە لەسەر هێڵ بوون و رای گەیاند: ”سوپاسی بەرپرسی ئاسایشی هەڵەبجەش دەكەم كە خۆی لەنێو بارەگای لقی ١٢ی پارتی ئامادە بوو“.
بەسام عەلی جەختی كردەوە كە ئەوان بە لایانەوە سەیرە بۆچی تەنیا بارەگای حزبەكەیان كراوەتە ئامانج لە كاتێكدا پارتی لە ئیدارەی خۆجێیی هەڵەبجەدا بەشدار نییە و هیچ جومگەیەكی دەسەڵاتی شارەكەی بەدەستەوە نییە.
لە بەشێكی دیكەی پرێس كۆنفرانسەكەدا داوای لە دەزگاكانی سنووری هەڵەبجە كرد، تەقەكەر و هێرشكەرانی شەوی رابردوو بۆ سەر بارەگاكانی حكوومەت و لقی ١٢ی پارتی دەستنیشان بكەن و ڕێوشوێنی یاساییان بەرامبەر بگرنە بەر. گوتیشی: ”پێمان وابوو كە لەم شارە دەبێت پاداشت بكرێین نەك بە تەنها هێرش بكرێتە سەر بارەگای ئێمە، چونكە پارتی كەناڵێك بووە بۆ گەیاندنی داخوازییەكانی خەڵكی بە سنوورەكە“.
بەسام عەلی ڕوونی كردەوە، ئەوەی ئێوارەی دوێنێ ئەنجام درا، خۆپیشاندان بوو و مۆڵەتی یاساییان هەبوو، بەڵام ”ئەوەی شەو كرا، خۆپیشاندان نەبوو، چەكی تێدا بەكار هێندرا، دەتوانین ناوی بنێین هێرشی چەكداری بۆ سەر بارەگاكانی حكوومەت و بارەگای پارتی“.
وەبیریشی هێنایەوە كە یەكەمینجار نییە تەقە لە بارەگای پارتی دەكرێت، پێشتریش چەندانجار تەقە لە بارەگاكانی لقی چوار و ئەنجوومەنی سەركردایەتیی سلێمانی – هەڵەبجە و لقەكانی ١١ و ٢١ی حزبەكەی كراوە. بۆیە بە پێویستی زانی، دەزگا ئەمنییەكانی سنوورەكە، بارەگاكانی پارتی بپارێزن.









