بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرای کرد دەستیان بەسەر 15 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گرتووە، کە بازرگانەکان بەنیازبوون رەوانەی تورکیای بکەن.

لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ (یەکشەممە، 26-7-2020) بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند: “شەوی رابردوو توانرا دەستبگیرێت بەسەر بڕی 15 کیلۆ ماددەی هۆشبەری جۆری کریستاڵ لە هەولێر”.

لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی ماددە هۆشبەرەکە، دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ح.س.ح.) و (ا.م.م.) کە خەڵکی شارۆچکەی قەڵادزێن دەستگیرکراون، لە راگەیەندراوەکەدا ئاشکرا کراوە “هەردوو تۆمەتبارەکە ئەو ماددە هۆشبەرەیان لە ئێرانەوە بە قاچاغ هێناوە و ویستوویانە رەوانەی تورکیای بکەن”.

تۆمەتبارەکان بەپێی ماددەی 14ـی یاسای ماددە هۆشبەرەکان، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.