سەرمایەدارێک لە هەولێر بۆ پاڵپشتیکردن لە جووتیاران، بەرهەمی تەماتە بە سێ هێندەی نرخی خۆی، لە جووتیارانی سنوورەکە دەکڕێت و بەسەر کەمپەکان و خەڵکی هەژاردا دابەشی دەکاتەوە.
نەبوونی کارگە، کەمیی ساردکەرەوە و داخستنی رێگای نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق، وایانکردووە ئەمساڵ بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ساغ نەبێتەوە، بۆیە شێخ باز، سەرمایەدارێکی هەولێر تەماتەی سنووری پارێزگای هەولێر دەکڕێت.
پرۆسەی کڕینی بەرهەمی تەماتەی جووتیاران، لە بەیانیی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 8-7-2020) لە قەزای خەبات دەستیپێکرد، کە بە سێ هێندەی نرخی خۆی لێیان دەکڕێتەوە و بڕیاریداوە بەسەر کەمپەکانی سنوورەکە دابەشی بکات، ئەوەشی دەمێنێتەوە دەدرێتە خەڵکی هەژاری ناوچەکە.
دکتۆر عەبدولرەحیم عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کستووکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند “ساڵانە ئەم کێشەیە دووبارە دەبێتەوە، چونکە لەم کاتانەدا بەرهەمی تەماتەی ناوەڕاست و باشووری عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەیەکەوە پێدەگات، کە وادەکات تەماتە لە هەموو شوێنێک هەرزان بێت.
پرۆسەکە لە کاتژمێر 05:00ـی بەیانییەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا (کاتژمێر 08:10ـی بەیانی) بەگوتەی عەبدولرەحیم عومەر “نزیکەی 60 تۆن وەرگیراوە، پارەکەش بە نەخت دراوەتە جووتیاران”.









