سیپان شێروانی

بیرمەندی ئێراقی عه‌لی وەردی لە کتابی کەسایەتی تاکی ئێراقی(١٩٥١)دا دەڵێت، تاکی ئێراقی جووت کەسایەتین وهەرتاکێکی ئێراقی خاوەنی دوو کەسایەتییە، هەمیشە لێدوان و بیرکردنەوەیان شتێکە و هەڵسوکەوتەکەیان دژییەتی بەبێ ئەوەی هەستی پێبکەن بۆ نمونە هەموویان باس لە جانفیدای بۆ نیشتیمان دەکەن و کەچی لەکاتی جەنگا بەزۆر سەرباز کۆدەکرێتەوە، هەموویان دژی بەرهەمی جولەکەن و کەچی جلی هەموویان دروستکراوی جولەکەیە هتد.

ئێمەی کوردیش هەمان کێشەمان هەیە ئەگەرچی علی وەردی ڕەنگە مەبەستی لە تاکی ئێراقی تەنیا عارەب بێت، بەلام لە سەد ساڵی ڕابردوو کوردیش کەمێک خوڵق و خووەکانی عارەبی گرتووە، بۆسەلماندنی ئەم ڕاستیە دەتوانین تەماتەی کوردی بە نمونە وەرگرین، هەموو کورد خەمبار و دلشکاو و ڕۆڕۆیەتی بەهۆی زیانی جوتیارانی کورد، هەمووشیان تەماتەی کوردیان پێ خۆشترینە و هەمووشیان داوای بەکاربردنی دەکەن کەچی کەسیش ئامادە نییە بەخۆی کیلۆیەک تەماتەی کوردی بکڕێت.
خەلکی گلەیی لە حکومەت دەکەن بۆ ئەم کێشەیە چاره‌سەر ناکات، بەدڵنیاییەوە حکومەت بە پالپشتی گومرکی، دەتوانێت بە ئاسانی کێشەی ئەم جوتیارانە چارەسەربکات ، بەڵام لەجێی دەستخۆشی دوور نییە بەم کارە هاتووهاواری خەڵک هەڵسێت چونکە نرخی تەماتە گران دەبێت ئاخر خاوەنی جووت کەسێتین. با وا دابنێین حکومەت ئەم کارەی ناکات جا بە هەر هۆکارێک بێت، مانای وانییە هەموو شتێک تەواو وئێدی ئیڕادەمان لەدەست بدەین ، زۆرجار دەکرێت میللەت زیاتر لە حکومەت نەتەوەیی بێت و دەتوانێت بیسەلمینێت کە میللەتە دەتوانێت هەمووشێک بکات، هەتا ئەو شتانەی کە حکومەتیش ناتوانێت بکات، پێویستە بزانرێت کە هەمیشە لە پرسی ئابووریدا حکومەت ویستی میللەت کۆنترۆل دەکات بۆ زیاتر بەکاربکردنی بەرهەمی خۆمالی، جا با ئەمجارە بەکاربردنی تەماتەی کوردی وەک چای تورکی لە تورکیا بە زۆرەملێ و کۆنترۆلکردن لای حکومەتەوە نەبێت بەڵکو با میللەت خۆی ویستی خۆی بۆ تەماتە کۆنترۆل بکات، مادام ئەم هەموو گوفت ولوفتە ناسیۆنالیستی ئابوورییە هەیە ئەگەر جووت کەسێتی نەبین و کار بە گوفتارەکانمان بکەین حەتمەن کارێکی ئاسانە، حکومەت نە ڕێگەی لە جوتیاران گرتووتەماتە بچێنن نە ڕێگەی گرتووە بفرۆشن، نە ڕێگەشی لە ئێمە گرتووە بیکرین، بەڵکو بەداخەوە ئەوە ئێمەین تەماتەی هاوردەکراو هەلدەبژێرین.
لە ڕاستیدا لە هەموو بوارێک جووت کەسێتین، کێشەکە تەنیا تەماتە نییە، لە سەرجەم پرسەکان هەرواین، بۆ گەندەڵیش هەرواین، بۆ چاکسازی ئەولاتر، بۆ زێدەڕۆڕۆیی و لادان لەیاساش هەر واین، جا هەر نامەوێت لە ئابووری دەربچم ئەگەر نا لە سەرجەم پرسە نەتەوەییەکان هەر واین.
با ئەم بۆچوونەی عەلی وەردی بە هەند وەربگرین ئەمجارە تەماتەی کوردی بکەینە دەسپێک بۆ دەربازبوونمان لە جووت کەسێتی و کردەوەشمان وەک قسەکانمان نەتەوەیی بکەین بۆ جارێکیش بووبێت با ئێمە خۆمان لە یەک کەسێتیدا کۆبکەینەوە ، واز لە تەماتەی هاوردەکراو بێنین و تەماتەی کوردی بەکار بێنین قەیچییەکات با کەمێک سەرو شکلی ناشرین و نەرمتریش بێت، بەلام ئیتر بۆ هەتا هەتایە تەماتەی کوردی دەبیتە ڕەمزی یەکگرتووی و سەرکەوتنی ئیڕادەی نەتەوەیی و بەیەک یەک تیر و هەزار نیشانی پێویست دەپێکین.