دوو رۆژە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدان، ئێوارەی ئەمڕۆ شاندەکە لەگەڵ عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق کۆبووەوە و بڕیاریشە سبەی کۆبوونەوەکە فراوانتربکرێت و درێژەی هەبێت.
کۆبوونەوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 24-06-2020 لە میوانخانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەستیپێکرد، بەپێی راگەیێنراوێکی شاندەکەی هەرێمی کوردستان “گفتوگۆی ورد دەكرێت لەسەر بژاردەکانی هەردوولا بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی نەوت و خەرجی و داهات و شایستە داراییەكانی حكومەتی هەرێمی کوردستان”.
دوای چەند کاژێرێک کۆبوونەوەکە کۆتاییهات و بەپێی راگەیێنراوێکی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا “گفتوگۆ لەبارەی کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، تایبەت بەپرسەكانی نەوت و وزە، خەرجی و داهاتەكان، شایستە داراییەكانی حكومەتی هەرێمی کوردستان و دەروازە سنوورییەكان کراوە.”
لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا هاتووە “سبەی كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن بەئامانجی گەیشتن بە لێكگەیشتنی گشتگیر بۆ كێشەكان و بڕیارە لەڕووی هونەرییەوە فراوانتر و چڕتر بكرێنەوە.”
رووداو









