ئەمڕۆ سێشەممە 2020/6/9 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی مێجەر جەنەراڵ جیرالد ستریکلاند، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا بۆ سەقامگیری کرد.

لە دیدارەکەدا کە ستیڤن فەیگن کونسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر ئامادەی بوو، گرنگیی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان و سوپای عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش تاوتوێ کران.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر پرۆسەی چاکسازییەکانی حکومەت لە هەردوو بواری بەڕێوەبردن و داراییدا، بەتایبەتیش هەنگاوە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی خستەڕوو.

لەبارەی پەیوەندییەکانیش لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە کێشەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای دەستوور بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێن.

جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی هاوپەيمانان لە عێراق و سووریا جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانان کردەوە، بەتایبەتی لە بواری ڕاهێنانی سەربازیدا.