جان فرانسوا دولفریسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی زانستیی حکومەتی فەرەنسا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند “جووڵەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هێواش بووەتەوە”.
ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە فەرەنسا کەمبووەتەوە، بەشێوەیەک رۆژی پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2020 تەنیا 44 کەیسی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە هەبوون، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆناش رۆژانە بۆ نزیکەی هەزار کەس کەمبووەتەوە.
فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەوروپا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا تێیدا بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوبووەتەوە، ژمارەیەکی زۆر تووشبوون و گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکە تێیدا تۆمارکراوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی فەرەنسا، تائێستا زیاتر لە 151 هەزار کەس لەو وڵاتە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 29 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.