رێبوار هه‌ورامی
مامۆستا عەباس کەمەندی هونەرمەندی پایه‌به‌رزی كورد کە بە مامۆستای حەوت هونەر بەناوبانگ بووه ، ساڵى 1952 له شارى سنه‌ى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان له‌دايكبووه ، له ته‌مه‌نى 16 ساڵى ده‌ستى داوه‌ته نووسينى شيعر و چيرۆك و كەسێكی شارەزا بە ئەدەبیات و فولكلۆری كوردی بوو، لە تەمەنی 18 ساڵیدا لەیەكێك لە ركابەرییەكانی چیرۆك نووسیدا لەرادیۆ سنە پلەی یەكەمی بەدەست هێنابووه ، بەرهەمەکانی کەمەندی: نووسینی شێعر بۆ زیاتر لە ١٥٠ گۆرانی و تۆمارکردنی ٦٠ گۆرانی … کارە هونەرییەکانی مامۆستا کەمەندی تەنیا لە بواری گۆرانیدا کۆ نابنەوە، بەڵکو ناوبراو نیگارکێشێکی بەتواناو چەندین بەرهەمی نووسین، شیعر‌و هەروەها کاری دەرهێنانی بۆ چەندین شانۆ ئەنجامداوەو خەرمانێکی بەکەڵکی خستە سەر فەرهەنگو موسیقای کوردی ..
جەلال مەلەکشاه یەکێک لەشاعیرانی نەتەوەیی و بەناوبانگی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو باره‌وە بە BBC وتووە : عەباس کەمەندی هیچ کات هونەری خۆی بە دەسەڵاتداران نەفرۆشتووە و هەژاری لە ژیانی ئاسوودە پێ باشتر بووە.
بەیانی رۆژی ( پێنجشەممە٢٢ ی ئایاری ٢٠١٤ )، ئه‌م مامۆستا پایه‌به‌رزه لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا لە شاری سنەی کۆچی دواییکرد ، به‌ڵام ته‌نها به جه‌سته ، چونكه هه‌میشه و به‌رده‌وام به ئاواز و كاره مهزنهكانیهوه زیندووه و له‌لای هه‌مووانه .










