وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 10 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، پێنجیان لە پارێزگای سلێمانی و پێنجیشیان لە پارێزگای هەولێرن، ئەوانەی هەولێر سەرجەمیان دانیشتووی کۆمەڵگەی شاوەیسن.
وەزارەتی تەندروستی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە “لە بەردەوامیی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، پێنج تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای سلێمانی دەستنیشانکران، سێ ئافرەتی تەمەن 69 و 46 و 38 ساڵ و پیاوێكی تەمەن 44 ساڵ و کوڕێکی گەنجی 18”.
هەر بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی، تووشبووەکانی سلێمانی “سیان لە تووشبووان بەرکەوتەی تووشبووانی پێشوون و دوو تووشبووەکەی دیکە نیشانەی نەخۆشییان ھەیە و دەستنیشانکران، هەموویان دانیشتووی ناو شاری سلێمانین”.
هەر لە بەردەوامیی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراواندا پێنج تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە پارێزگای هەولێر تۆمارکراون و وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە “پیاوێکی تەمەن 85 ساڵ و دوو کوڕی گەنج تەمەن 16 و 12 ساڵ و ئافرەتێکی تەمەن 19 ساڵ و کچێکی گەنجی تەمەن 13ساڵن، هەموویان بەرکەوتەی تووشبووانی پێشوون و دانیشتووی کۆمەڵگەی شاوەیسن لە شاری هەولێر”.
لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 452 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 385 کەسیان چاکبوونەتەوە و پێنج کەسیان گیانیان لەدەستداوە.









