رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە رووسیا رووی لەهەڵکشانە، بەجۆرێک لە چەند رۆژی رابردوو بە دەیان هەزار کەس لەو وڵاتە تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ئێستا لەسەر ئاستی جیهان بەپێی ئامارەکانی زانکۆی جۆنس هۆپکینز، رووسیا لە پلەی دووەمدایە.
لە 24 کاژێری رابردوودا 10 هەزار  28 کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و ژمارەی تووشبووانیش گەیشتە 242 هەزار و 271 کەس.

هاوکات 96 کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا و بەوەش تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 212 کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا مردوون.

سەرباری بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان، حکومەتی رووسیا نایەوێت بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی بە داخراویی بمێننەوە و لە رۆژی سێشەممەوە کۆتایی بە قەدەخەی هاتووچۆ و داخرانی بازاڕەکان هێناوە.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، لە 12ـی ئایارەوە ماوەی رۆژەکانی کارنەکردن لە سەرتاسەری وڵات بۆ هەموو سێکتەرەکانی ئابووری کۆتاییهاتووە، هەرچەندە هێشتا شەڕی دژ بە پەتاکە کۆتایی نەهاتووە. مەترسییەکانی ماونەتەوە، بەڵام دۆخەکەش لە هەندێک ناوچەدا باشترە.