وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، 10% داشكاندنی لە كرێی خوێندن بۆ هەموو قوتابیان و خوێندكارانی قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومییەكان بۆ ئەمساڵی خوێندن كردووە.
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، پارەی خواردن و گواستنەوە بۆ مانگەكانی ئادار، نیسان و ئایار لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن وەرناگیرێت و ئەو بڕیارانەش لە بەرژەوەندی گشتی و رەچاوكردنی دۆخی هاونیشتمانییانە.
وەزارەتی پەروەردە ئاماژە بەوەكردووە، بڕیارەكە ئەو قوتابی و خوێندكارانە ناگرێتەوە كە بەخێوكارانیان خاوەنی پلەی باڵا و تایبەتن لە كەرتی حكومی (مەدەنی و سەربازی) چ دایك بێت یان باوك.
هەر بەپێی ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی پەروەردە، داشكاندنەكان تاوەكو 28-5-2020 كاریان پێدەكرێت.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هەموو قوتابخانە و پەیمانگەكان پێویستە پابەندبن بە ناوەڕۆكی گرێبەستەكانیان لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەكانیان بۆ خەرج بكەن وەك ئەوەی لە گرێبەستەكاندا هاتووە، بەپێچەوانەوە ساڵی داهاتوو مافی وەرگرتنی قوتابی و خوێندكاریان نابێت.

PM:10:24:12/05/2020