ژمارەى توشبووانى کۆرۆنا لەسەر ئاستى جیهان بەربەستى چوار ملیۆن حاڵەتى تێپەڕاند، وڵاتانى ئەوروپاش بەردەوامن لە ئاساییکردنەوەى ژیان، دواى ئەوەى بڵاوبوونەوەى ئەو پەتایە زیانى گەورەى تەندروستى و ئابورى پێگەیاندن.
بەپێی ئامارەکانی وۆڵد مێتەر، کە چاودێریی ئامارەکانی کۆرۆنا دەکات و لە تەندروستیی وڵاتانەوە وەریاندەگرێت، چوار ملیۆن و 14 هەزار و 331 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و ئەمریکا پشکی زۆرینەی بەرکەوتووە.
ژمارەی گیانلەدەستدانیش بۆ 276 هەزار و 238 کەس بەرزبووەوە، لەکاتێکدا ملیۆنێک و 387 هەزار و 191 کەس چاکبوونەتەوە.
تا ئێستا ئەمریکا بە نزیکەی یەک ملیۆن و 70 هەزار تووشبوو لەپێش دووەم وڵاتی خاوەنی زۆرترین ژمارەی تووشبووەوەیە کە ئیسپانیایە. لە ئەمریکا یەک ملیۆن و 322 هەزار و 163 تووشبوو تۆمارکراون و لە پلەی یەکەمدا دێت، دوای ئەویش ئیسپانیا کە 260 هەزار و 117 تووشبووی هەیە.
ئیتاڵیا، بەریتانیا و رووسیا لە پلەی سێیەم تا پێنجەم دێن، ئەوەی جێگەی تێبینییە ژمارەی تووشبووانن لە رووسیا کە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە و لە دوو رۆژی رابردوو رۆژانە 10 هەزار تووشبووی هەبووە. ئێستا ژمارەی تووشبووان لەو وڵاتە گەیشتووەتە 187 هەزار و 859 کەس و پێش فەرەنسا و ئەڵمانیا کەوتووە.
شەوی رابردووش تەندروستیی ئیتاڵیا و بەریتانیا ئامارەکانیان بڵاوکردەوە و ژمارەی گیانلەدەستدان لە ئیتاڵیا 30 هەزار و لە بەریتانیا 31 هەزاریان تێپەڕاند.










