ژمارەیەک کەس لە دانیشتووانی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا لەبەردەم باڵەخانەی بەڕێوەبردنی باڵای ویلایەتەکەیان کۆبوونەوە و داوایانکرد کۆتایی بە قەدەخەی هاتووچۆ بهێنرێت. 
خۆپێشاندەران درووشمی جیاوازیان دەگوتەوە. لەوانەش پاڵپشتیکردن لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و رەخنەگرتن لە گاڤین نیوسۆم، حاکمی کالیفۆرنیا.
ژمارەیەک ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکە کۆبوونەوە تاوەکو رێگە لە دروستبوونی گرژی و هەر جۆرە رووداوێکی نەخوازراو بگرن.
زۆربەی خۆپێشاندەران دەمامکیان نەبەستبوو و ئاماژەیان بەوە دەکرد، کاتی ئەوە هاتووە رێکارە تووندەکانی تایبەت بە رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ویلایەتەکەیان هەڵبگیرین یان سووک بکرێن.
لە ویلایەتی کالیفۆرنیا زیاتر لە 52 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون، زیاتر لە دوو هەزار و 100 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
تاوەکو ئێستا لە ئەمریکا ملیۆنێک و 131 هەزار و 856 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 161 هەزار و 666 تووشبوو چاکبوونەتەوە و 65 هەزار و 782 تووشبوویش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.