نادر روستی
لە ساڵانی رابردوو چەند جارێک دانیشتوانی پارێزگای بەسرەی خاوەن نەوت و خاوەن دەروازەی ئاوی و پڕ لە داهات بەهۆی کەمی خزمەتگوزاری و فەرامۆشکردنیان لە لایەن حکومەتی مەرکەزی بەغدا داوای بوون بەهەرێمێکی سەربەخۆیان دەکرد، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی کە لەسەر دەریایان ئاو نەبوو بیخۆنەوە، بۆیە لە هەرێمی کوردستان چەندین ترێلەی هاوکاری و ئاو بۆ بەسرە نێردران، کۆڵانەکانی بەسرە بە مانگ لە زبڵ و خاشاک پاک نەدەکرانەوە چەندان خۆپیشاندان دژی دەسەڵاتی حکومەت و پارێزگا و پەرلەمانتاران کران و پارێزگار لەکار لادرا و داوای خزمەتگوزاریان دەکرد، 2 جاریش ئەنجوومەنیان دروستکرد بۆ بوون بە هەرێمێک وەک هەرێمی کوردستان، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و داوای هاوکاریان کرد بۆ دروست کردنی هەرێمی بەسرە، بەشێک لە سوونەکانیش زۆرجار داوای هەرێمێکی وەک هەرێمی کوردستانیان دەکرد، بەڵام هەموویان لە ناوخۆیان رێکنەکەوتن و دواجار باجی وێرانکاری دەستی داعشیان دا، تا چەندان ساڵی تریش شارەکانیان ناگەڕێنەوە دۆخی جاران و ئاوارەکانیان، کە ڕێگەیان لێ گیرا بچنە بەغداو شارەکانی تری عێراق، هاتنە هەرێمی کوردستان، ئێستاش بەشێکی زۆریان لە سێبەری خۆشیەکانی هەرێمی کوردستان دەژین و نایانەوێت بگەڕێنەوە ژێر سێبەری حکومەتی بەغدا. کەچی چەند حزبێک لە ناوچەیەکی هەرێمی کورستان ئێستا دەیانەوێت وەک بەسرە بن و سەر بە بەغدا بن!! بەغدا بە هۆی نادادپەروەری و بەهۆی بێکاری و بە هۆی گەندەڵی و بەهۆی بێ خزمەتگوزاری چەندان جار خۆپشاندانی لێ سازکرا و داوای روخانی حکومەت و دادگای سەرانی بەغدایان دەکرد، دواجار زیاتر لە 4 مانگ خۆپیشاندان لە بەغداو شارەکانی تر بەردوام بوو و زیاتر لە 500 کەس بوونە قوربانی دەستی دەسەڵات و هەزاران کەس بریندار بوون و حکومەت لە کار خرا و باشترین دۆستی کورد کە سەرۆک وەزیران عادل عەبدول مەهدی بوو لە دەسەڵات دورخرایەوە و قەیران لەسەر قەیران کەڵەکە کرا، کەچی هەندێک کەس داوا دەکات ببین بەبەشێک لە دەسەڵاتی بەغدا و بەشداری ئەو هەموو نەهامەتیە بکەین.!!
من پشتگیری داخوازی هاوڵاتیانی هەر شارێکی هەرێم دەکەم، کە داوای خزمەتگوزاری و مافی خۆیان لە حکومەتی هەرێم دەکەن، کە داوای مووچە و ژیانێکی باشتر دەکەن، بەڵام مەرجە هاندراوی فیکەی هەندێک کەس و سیاسەتی کاتی و بەرژەوەندی شەخسی نەبن، هەر کارێک بۆ گەل بێت پێویستە رێزی لێ بگیرێت، مافی خۆیانە لە پێناو پێشکەوتنی شارەکەیان گوشار بۆ هەموو لایەک بەرن، مافی خۆیانە داوای نەهێشتنی گەندەڵی بکەن، داوای چاک سازی بکەن، داوای دادوەری بکەن، داوای دەرکردنی خاین و دز بکەن، بەڵام سەیرە داوا بکەن بچنە ژێر دەسەڵاتێک کە نیو هێندەی هەرێمی کوردستان ئاوەدانی بەخۆیەوە نە دی بێت، کە سەرکردەکانی بۆ خۆشی و کات بەسەر بردن بێنە هەرێمی کوردستان، کە خانوو و زەوی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بکڕن!!؟؟
لە ساڵانی رابردوو دەیان رۆشنبیر و کەسایەتی عێراق لە بەرنامە و سۆسیال میدیام بینی، کە دوایان دەکرد سەرکردەکانیان وەک سەرکدەکانی هەرێم خزمەتی گەل و شارەکانیان بکەن. دەیان جار گوتوویانە بەراوردی ئەو پارە زۆرەی عێراق و هەرێم ناکرێ، بەڵام هەرێم بە پارەیەکی زۆر کەمتر زۆر زیاتر پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە بۆیە پێویستە سوود لە ئەزموونی هەرێم وەربگیرێت، ( ئەمە قسەی من نییە قسەی عێراقییەکانە).
قسەکانم پاساو نین کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان هیچ کەموکورتیمان نییە، یان گەندەڵی و نادادپەروەری نییە، بەڵام لەزۆر بوار لە شارەکانی عێراق باشترین. بەڵێ 29 ساڵە نەبووینە خاوەنی ژێرخانێکی ئابووری و نەبووین بە ئابووریەکی سەربەخۆ و تەنیا پشتمان بە نەوت بەست، ئەو نەوتەی بە درێژای مێژوو دەردو بەڵا بووە بۆ گەل و وڵاتمان، بەڵی رەخنە لە دەسەڵاتمان دەگرین بۆ پێشکەوتن و چاکسازی نەک بۆ خزمەتی دوژمنانی کوردستان، نەک بۆ کەمکردنەوەی لەبەرامبەر نەیاران و بەهێزکرنیان و زاڵکردنیان بەسەر هەرێمی کوردستان.
ئەو قەیرانەی هەیە کاتییە و هەموو جیهانی بە پلەی جیاواز گرتۆتەوە، ئەگەر لایەنە سیاسیەکان تەبا بن و برا بن درەنگ یان زوو دەگەڕێینەوە دۆخی جاران، بەڵام گرنگە ئیدارەی کوردستان پەند وەرگرن بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی ئابووری و خۆبژێووی تاکو جارێکی تر پێویستیمان بە لە دەرگەدانی کەسانێک نەبێ کە ماڵیان لە ماڵی من وێرانتر بێت.
ئەو سیادەی بۆ عێراق هەیە رێگەی پێدەدات لە دەیان بواری نێودەوڵەتی سوود وەرگرێ و قەیرانەکانی پێ داپۆشێ ئەگەر هەمان بوار بۆ هەرێم هەبووایە هەرگیز کورد لە دەرگای ئەوانەی نە دەدا کە لە خۆی ماڵ وێرانترن.









