ئەمشەوی هەینی وەزارەتی گواستنەوەی و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی کردەوە كە هیچ کۆمپانیایەک بۆی نییە رێکخستنی گەشتەکان رابگەیەنێ، جگە لەو گەشتانەی وەزارەتی ناوخۆ رێگەیان پێدەدات.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە نووسراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە هەر کۆمپانیایەک پابەند نەبێت بە رێنماییەکان، کارکردنی بۆ ماوەی سێ مانگ رادەگیرێ و ڕێگا بە گەشتەکانی نادرێ.

ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن جەختی لەسەر پابەندبوونی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بە رێنماییەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراقی كردووەتەوە.

لە دەقی فەرمانەکەدا هاتووە لە چوارچێوەی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی نابێت گەشتەکان رێک بخەن و هەر کۆمپانیایەک پابەند نەبێت سزا دەدرێت و بۆ ماوەی سێ مانگ مۆڵەتی کارکردنی رادەگیرێت.

تەنها رێگا بەو گەشتانە دەدرێت کە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە رێک دەخرێن.

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق لە چوارچێوەی رێوشوێنی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا، گەشتەکانی ئاسمانی بە هاتن و چوونەوە هەتا ۲۲-٥-۲۰۲۰ لە فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان راگرتووە.