وەزارەتی نەوتی عیراق بڕی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی نیسانی ڕابردوو بڵاوكردەوە، كە لە 6 ملیار دۆلارەوە بۆ ملیارێك دۆلار دابەزی.

وەزارەتی نەوتی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكرد، كە لە مانگی ئازاردا هەناردەی نەوت بۆ 3 ملیۆن و 390 بەرمیلی ڕۆژانە بەرزبۆتەوە، بەلام داهاتی نەوت دابەزیوە بۆ نزیكەی 3 ملیار دۆلار لەكاتێكدا لە مانگی شوبات 5 ملیار دۆلار بوو.

ڕاشیگەیاندووە، كە بەپێی ئامارەكانی كۆمپانیای سۆمۆ هەناردەی نەوت لەمانگی نیساندا 103 ملیۆن و 144 هەزار و 911 بەرمیل بووە و داهاتەكەشی ملیارێك و 423 ملیۆن و 499 هەزار دۆلار بووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە كێڵگە نەوتیەكانی باشوورەوە 100 ملیۆن و 532 هەزار و 427 بەرمیل نەوت هەناردە كراوەن بەلام لە كێڵگەكانی كەركوكەوەن كە لە بەندەری جەیهانی توركیاوە هەناردە كراوە گەیشتۆتە 2 ملیۆن و 287 هەزار و 165 بەرمیل و ئەوەشی نێردراوە بۆ ئەردەن 325 هەزار و 319 بەرمیل بووە.

وەزارەتی نەوتی عیراق جەختیشی كردۆتەوە، كە كۆی گشتی هەناردەی ڕۆژانە 3 ملیۆن و 438 هەزار بەرمیل بووە و هەر بەرمیلێكیش دراوە بە 13.801 دۆلار.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە داهاتی نەوتی عیراق لە ماوەی مانگی 11 و 12ی ساڵی ڕابردوودا گەیشتۆتە سەرووی 6 ملیار دۆلاری مانگانە.