خەبات – مەریوان نەقشبەندی
دەزگای(fanack)ی میدیایی ئەلکترۆنی کە دەزگایەکی بێ لایەن و ئەکادیمیە و زانیاری و داتا و واقعی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و راپرسی لەسەر ٢٢دەوڵەتی رۆژھەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقیا تۆمار و بڵاودەکاتەوە،لەدوا ڕاپۆرتیدا لەسەر عیراق سەرۆک بارزانی وەک کەسایەتی یەکەم و دیارترین کەسایەتی عیراق تۆمارکردوە و دوای ئەویش مەرجەعی باڵای شیعەکان ئایەتوڵا سیستانی و نادیە موراد ھەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لەساڵی ٢٠١٨ بەدووەم و سێیەم کەسایەتی ناسراو و دیاری عیراق تۆمار کردوە،
ھەر لەم راپۆرتەدا دانیشتوانی عیراقی بەنزیکەی ٣٩ ملیۆن کەس تۆمار کردوە و ڕێژەی کورد تێیدا بە ٢٠٪‏ی کۆی گشتی دانیشتوانی عیراق دەستنیشان کردوە،ھەروەھا قەڵای ھەولێری وەک کۆنترین شوێنەواری عیراق تۆمار کردوە و دوای ئەویش شاری نەمرود و شارستانیەتی ئاشوری و بابلیەکان ھاتوە،
دەزگای میدیایی(fanack)ی ئەلکترۆنی لەساڵی ٢٠١٠وە لەھۆڵندە بەھەردو زمانی ئینگلیزی و عەرەبی زانیاری و راپۆرت و راپرسی و تۆژینەوە و داتا لەسەر رەوشی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئاینی بڵاودەکاتەوە و زیاتر لە ٦ملیۆن بەشداربو و خوێنەری ھەیە و لەتۆژینەوە و زانیاریەکانی ھەماھەنگی لەگەڵ گەورەترین و گرنگترین دەزگا ئەکادیمی و میدیاییە بێ لایەن و خاوەن میسداقیەتەکانی ناوچەکە و جیھان دەکات .