وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی داوای لە کۆماری میللیی چین کردووە دوکانەکانی فرۆشتنی زەیندەوەر و ئاژەڵە وشکانییەکان قەدەغە بکات.

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، پەیوەندی لەنێوان بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتاکان و ئەو زیندەوەر و ئاژەڵە وشکانییانە هەیە.

مایک پۆمپیۆ هەروەها رایگەیاندووە، وڵاتەکەی داوای لە چین کردووە هەموو دوکانە نایاساییەکانی فرۆشتنی زیندەوەر و ئاژەڵە وشکانییەکان بە یەکجاری دابخات.

پەتای کۆرۆنا، کە لە سەرانسەری جیهان بڵاوبووەتەوە، لە کۆتایی ساڵی رابردوو لە چین سەری هەڵدا و زاناکان پێیان وایە لە ئاژەڵ و زیندەوەرەکان بە تایبەت لە شەمشەمەکوێرەوە سەری هەڵداوە و گوازراوەتەوە بۆ مرۆڤ.

تا ئێستا دوو ملیۆن و 639 هەزار و 708 کەس لە سەرانسەری جیهان تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 184 هەزار و 280 کەس گیانیان لەدەست داوە.