یەکەم رۆژنامەی کوردی بە ناوی کوردستان لە ٢٢ی٤ی ١٨٩٨ دەرچوو، ئەمەش لە مێژووی کورد بە گشتی و لە مێژووی زمانی کوردی و نووسینی کوردی و بواری رۆژنامەنووسی وەرچەرخانێکی گرنگ بوو، رۆژنامە گرنگی بە سەرجەم بوارەکانی ژیان دەدات، زۆر جاریش گۆڤار و رۆژنامەی تایبەت بە بوارێک دەرچوون، بەڵام رەنگە گەشتوگوزار تاکە بوار بێت کە زۆر درەنگ لە رۆژنامەنووسی کوردی گرنگی پێدرابێت، مەبەستمە بڵێم کە رۆژنامەی تایبەت یان لاپەڕەیەکی تایبەت لە هیچ ڕۆژنامەیەکی کوردی بۆ ئەم بابەت تەرخان نەکراوە، بەڵام رۆژنامەی خەبات لە ساڵی ٢٠٠٥ ز بۆ یەکەم جار ئەم بەستەڵەکەی شکاند و لاپەڕەیەکی هەفتانەی لە ڕۆژنامەکە بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار تەرخان کرد، بۆیە هەیشە ئەو راستیە دووبارە دەکەمەوە کە رۆژنامەی خەبات یەکەم رۆژنامەی کوردی بوو لە مێژووی رۆژنامەگەری کوردی کە گرنگی بە بابەتێکی سەردەمیانەی ئێستای جیهان بدات کە بۆتە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی داهات بۆ جیهان، ئەو کەرتە گرنگەی کە خەبات پێش هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن درکی پێ کرد بەر لە ١٥ ساڵ بوو.
جێگای شانازییە منیش یەکەم ڕۆژنامەنووس بووم کە سەرجەم بووارەکانی تری کاری رۆژنامەنووسیم وەلاناو خۆم بۆ گرنگی دان بە کەرتی گەشتیاری تەرخان کرد و تاکو ئێستا سەدان چالاکی جۆراوجۆرم لە بواری کەرتی گەشتیاری ئەنجامداوە و لە نووسین لەسەر گەستوگوزاریش لە سفرەوە ببم بە خاوەنی زیاتر لە ١٢٠٠ بابەت و ٦ توێژینەوە و ٥ کتێب و دەیان خەڵاتی رێزلێنان و زیاتر لە ٨٠٠ دیدار و چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانی لە دەزگاکانی راگەیاندن و هاوکار و یارمەتیدەر بۆ زیاتر لە ٦٥ نامەی ماستەر و دکتۆرا و سەدان قوتابی کە ساڵانە دەردەچن لە بواری گەشتوگوزار هەموو ئەمانە بە بەرهەمی ڕۆژنامەی خەبات دەزانم، جگە لەوەی دەیان نووسەر لەسەر لاپەڕەی گەشتوگوزار لە ڕۆژنامەی خەبات قەڵەمەکانیان خستۆتە گەڕ، بۆیە مافی خۆیەتی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری پیرۆز بکەم و سوپاسی سەرنووسەر و جێگرانی سەرنوسەری ساڵی ٢٠٠٥ ڕۆژنامەی خەباتیش بکەم، بە تایبەت مامۆستا دلشاد وەسانی کە راستەوخۆ بەرپرسی کارەکانمان بوو و ئێستاش بەهەمان گیانی لێبووردەی بەردەوام و پاڵپشتە بۆ دەرچوونی رۆژنامەکە بە گشتی و لاپەڕەی گەشتوگوزار بە تایبەتی کە ئێستاش لاپەڕەکە تاکە لاپەڕەیە لە بواری گەشتوگوزار بەردەوامە لە کارەکانی.
١٥ ساڵ خەباتی رۆژنامەنووسیم لە بواری گەشتیاری مێژووێکی گرنگی لە ژیانی من و لە کاروانی پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان دروست کرد، ئەم ڕاستیەش دەهێڵمەوە بۆ هەڵسەنگاندنی کەسانی بە وێژدان و شارەزا لە بواری گەشتوگوزار.
بەرزو پیرۆز بێت رۆژی رۆژنامەگەری کوردی و دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی بەناوی کوردستان.
نادر روستی
بەرپرسی لاپەڕەی گەشتوگوزار لە ڕۆژنامەی خەبات
٢٢/٤/٢٠٢٠









