وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٢٩ حاڵەتی نوێی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراون.
لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٢٩ حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، بە جۆرێک ١٢ لە بەغدا، شەش لەهەر یەکە لە بەسڕە و زیقار و سێ لە نەجەف، دوو توشبوونیش لە بابل.
ئاماژە بەوەشکراوە، ٣٢ کەسی دیکە لە نەخۆشییەکە چاکبوونەتەوەو رەوانەى ماڵەوە کراونەتەوە کە بەم جۆرەبووە (نۆ لە بەغدا، هەشت لە کەربەلا، چوار لە هەریەکە لە نەجەف و کەرکوک، سێ لە زیقار، دوو لە واسیت و یەک چاکبوونەوەش لە سەلاحەدین”.
بەپێی دوایین ئامار تا ئێستا هەزار و ٦٣١ کەس لە عێراقدا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٨٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و ١٢٨ کەسیش چاکبوونەتەوە.