پزیشكانی ھەولێر ده‌توانن، سبەی چوارشەممە لە كاتی دیاریكراو نۆڕینگە، سەنتەر و کۆمەڵگا پزیشکییەکان بکەنەوە.

ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ 21-4-2020 لە راگەیەندراوی ئەنجومەنی باڵای سەندیکای پزیشکانی کوردستان كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست (ماڵپه‌ری رۆژنامه‌ی خه‌بات ) كه‌وتووه‌،  ھاتووە: “سەندیکای پزیشکانی کوردستان پزیشکان لە شاری هەولێر ئاگادار دەکاتەوە، کە لە سبەی رۆژی چوارشەممەوە دەتوانن نۆڕینگە، سەنتەر و کۆمەڵگا پزیشکییەکان بکەنەوە”.

ئاماژە بەوەشكراوە: “لقەکانی سەندیکا لە سلێمانی و دهۆک بە هەماهەنگی لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆنی شارەکانیان و بەپێی بارودۆخی شارەکان ڕۆژی کردنەوەی نۆڕینگە، سەنتەر و کۆمەڵگا پزیشکییەکان دیاری دەکەن”.

سەندیكای پزیشكانی ڕێنمایەکانی کردنەوەی نۆڕینگەی خستووەتەڕوو كە بریتین لە :.

1ـ کردنەوەی نۆرینگە و سەنتەر و کۆمەڵگا پزیشکیکان ئارەزومەندانەیە.

2- کردنەوەی نۆرینگەکان لە کاتژمێر ۲ـ٥ ی پاش نیوەڕۆ دەبێت.

3- لە هۆڵی چاوەڕوانی لە چوار نەخۆش زیاتری لێ نەبێت و نێوانی هەر یەکەیان دوومەتر کەمتر نەبێت.

4- پزیشک گاونی لەبەر بێ و دەستکێشی لەدەست بێ و ماسک ببەستێ.

5- نەخۆش یەک هاوەڵی لەگەڵ بێت و هەردووکیان ماسکیان بەستبێ.

6- رۆژانە نۆرینگە و سەنتەر و کۆمەڵگا پزیشکیەکان تعقیم بکرێن.