خەبات: پەریهان عومەر:- هونەرمەند شاناز جمال محمود خاوەنی بیرۆکەی عاباى ئاشتی وپێکەوە ژیان، ديزاينەری جیھانی لەبواری جلوبەرگ و خشڵی کوردەواری، چالاکوان لەبواری پەرەپێدانی منداڵان وخانمان، ئەو خاوەنی بەکارھێنانەوەی خشڵی جاجمە لە کوردستان.

لەبارەی دەستپێکی کارەکانییەوە هونەرمەند شاناز جمال بۆ ماڵپەری خەبات گووتی: ناوی نانێم سەرەتا چوونکە ھونەری دەستڕەنگینی دەبێت ھەرلەیەکەم ساتی لەدایکبوونتەوە لەگەڵت لەدایک بێت، دواتر پەرەی پێبدەیت و خەونەکانت بێنیتەدی.

لەبارەی نوێترین کاریان کە هاوشێوەی عابای ئاشتی و پێکەوەژیانە، خاتوو شاناز جەمال بۆ ماڵپەری خەبات گووتیشی: پێش دەستکردنم بەو کارە، ماوەی 14 ساڵ فەرمانبەری میری بووم لەبواری پەروەردە، دەتوانم بلێم بۆمن ئەزموونێکی باشبوو، بۆ زیاتر پشت بەخۆبەستن لەبواری ھونەریمدا، ساڵی (2019) وازم لەکاری فەرمانبەری ھێنا لەبەر ئەوەی ھەردووکارەکەم لەیەک کاتدا بۆ نەدەگونجا، خەونەکانی خۆم زیاتر لە ھونەردا دەبینمەوە، بەپشتیوانی خوای گەورە و خێزانەکەم و ھاوڕێ دڵسۆزەکانم، توانیوومە هونەرەکەم بەئاستێکی زۆر باڵا بگەیەنم، ئەویش لەپێناو خزمەتی کلتووری وڵاتەکەمە، لە داھاتوویەکی نزیکدا کۆمەلێک کاری ھاوشێوەی عاباى ئاشتی و پێکەوەژیان دەگەیەنمە چەند وڵاتێکی گەورە، تیایدا چەند سەرۆکێکی جیھان دەبینم، تاوەکو بۆ ھەموو جیھانی بسەلمێنین کە ژنی کورد خاوەنی توانا و ھونەرە،  لە ھەموو ژنانی جیھان بوێر و بەتوانا ترە وەک خۆم ئەو وشەیەم بەکردەوەسەلماندووە.

خاتوو شاناز لەڕێگەی ماڵپەڕی خەبات داوایەکی بۆ خانمانی کوردستان هەیە و دەڵێت: داوا لەھەموو ژنانی وڵاتەکەم دەکەم کە پشت بە ھونەر و تواناکانی خۆیان ببەستن، تکایە پشت بەبیرۆکە و ماندووبوونی ھیچ کەسێک نەبەستن، چوونکە دڵنیام ھەمووتان دەستڕەنگین و بەتوانان.