وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە سەرۆکایەتیی شاندێک دەکات لە بەغدا، ڕێککەوتنی لەگەڵ حکوومەتی عێراق راگەیاند.

لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩ی نیسانی ٢٠٢٠، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاند، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، گفتوگۆیان لەبارەی ماف و ئەرکەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەوان ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی هەرێمی کوردستان هەروەکوو پێشوو لە سیاسەتی خۆی کە بەشێکە لە عێراق و چارەسەر لە عێراق. گوتیشی: ”ڕێککەوتین بەرهەمی نەوت کەم بکرێتەوە. هەروەها رێککەوتین لە بابەتی بەرهەمی نەوت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکوو لەوەوپێش بە شەفافی لە ڕێگەی کۆمپانیای دیلۆیتەوە زانیارییەکان بڵاو بکاتەوە، لەسەر غازیش ڕێککەوتین کە کێڵگەکانی غاز لە هەرێمی کوردستان پێشبخرێت تا خێری بۆ هەردوولا و کاریگەری بۆ کارەبا هەبێت و سوود بە هەرێم و بە عێراقیش بگات“.