مەریوان نەقشبەندی
ئەو جەنگاوەرانەی ھەتا کۆتایی ساڵی ٢٠١٩بەرگریان لەژیان و ئازادی خاک و مرۆڤ دەکرد ئەو پێشمەرگە و سوپا جل خاکیانەبوون کەلەکاتی بەرگریکردن و ھێرشبردندا چەند ھێڵێک و چەند سەنگەرێکی یەک لەدوای یەکیان دروست دەکرد بۆ ئەوەی لەکاتی شەھیدبونی یان تێکشکانی جەنگاوەرانی سەنگەری یەکەم دەستبەجێ سەنگەری دووەم و سێیەم جێگەیان دەگرتنەوە و ئەرکەکەیان تەواو دەکرد،جگە لەوەش ئەم جۆرە جەنگاوەر و پێشمەرگە خاکیانە ھەمیشە شەڕیان لەگەڵ دوژمنێکی دیارە و دەزانن لەکوێوە ھێرش بکەن و لەکوێدا بەرگری بکەن و دەشزانن لەدوری چەند کیلۆمەترەوە شەڕبکەن و سەنگەر لێدەن .
بەڵام لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٢٠٢٠ جۆرێکی تر لەپێشمەرگە و جەنگاوەر لەکوردستان و جیھاندا پەیدابون کە ڕەنگی جلەکانیان سپیە و شێوازی ھێرشبردن و بەرگریکردنیان جیاوازە،پێشمەرگە و جەنگاوەرە سپیەکان شەڕیان لەگەڵ دوژمنێکی نادیار و نەبینراوە،تەنھا یەک سەنگەری بەرگری و ھێرشبردنیان ھەیە و مەسافەیان لەگەڵ دوژمن سفرە،ئەگەر ئەم سەنگەرە لەکاتی ھێرشبردن یان بەرگریکردن لەخەڵک و خاک لەھەر میحوەر و سەنگەرێکەوە تێکشکا ئەوا مەترسی لەسەر ژیانی ھەموو کۆمەڵگە دەبێت و سەنگەری بەرگریی دووەم و سێیەمیش نیە تا دوژمن ڕابگرن یان لەناوی ببەن،ئەوەی جێگەی مەترسیە ئەم جەنگاوەرە سپیانە لەزۆر وڵاتی بەھێزی دنیا زیانی گەورەیان بەرکەوتوە و تەنھا لەم ٣ مانگەی رابردودا بەھەزاران جەنگاوەر بەم دوژمنە نەبینراوە شەھید و بریندار بوون و ھەندێ لەو شەھید و بریندارانەش لەکوردستان بوون،ئێستا لەزۆر وڵات و لەھەرێمی کوردستانیش جەنگاوەرە خاکیەکان بۆ یارمەتیدانی جەنگاوەرە سپیەکان ھاتونەتە سەر شەقام و شوێنە گشتیەکان و پێکەوە شەونخونی دەکەن،ئەرکی حکومەتی ھەرێم و ھەموو حکومەتەکانی دنیایە لەمەودوا گرنگی زیاتر بدەن بەمەشق و کەرەستەی جەنگی و سەلامەتی جەنگاوەر و پێشمەرگە سپیەکان و لانی کەم لەبوجەی ساڵانەدا ھەمان گرنگی جەنگاوەر و پێشمەرگە خاکیەکانیان بۆ دابنێن .









