بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ لە ئەڵمانیا، داهاتی باخچەی ئاژەڵانەکان کەمیکردووە و ناتوانن وەکو پێویست خۆراک بۆ ئاژەڵەکان دابینبکەن. لەبەر ئەوە بەشێک لە ئاژەڵەکان سەردەبڕن و دەیدەنە ئاژەڵە گۆشتخۆرەکان.
قەدەخەی هاتووچۆ زیانێکی زۆری گەیاندووە بە کۆمپانیا گەورە و بچووکەکانی ئەڵمانیا، لەو پێناوەشدا حکومەتی ئاڵمانیا پاکێجێکی 818 ملیار دۆلاری ئامادەکردووە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی ڤایرۆسەکە.
نۆیمونستەر، باخچەیەکی ئاژەڵانە لە ئەڵمانیا کە نزیکەی 700 جۆر ئاژەڵی تێدایە. ڤێرێنا کاسپاری، بەڕێوبەری باخچەکە دەڵێت، قەدەخەی هاتووچۆ زیانێکی زۆری لە داهاتەکەیان داوە و ئەگەر لە کۆتایی مانگی نیسان قەدەخەی هاتووچۆ هەڵگیرێت و دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە، 191 هەزار دۆلار زەرەرمەند بوون.
کاسپاری لەبارەی سەربڕینی ئاژەڵەکانەوە دەڵێت، “لیستێکمان ئامادەکردووە بۆ سەربڕینی کۆمەڵێک لە ئاژەڵەکان، بەڵام ئەو ئاژەڵانە ناگرێتەوە کە دەگمەنن و هەڕەشەی لەنێوچوونیان لەسەرە. چونکە ئێستا هیچ داهاتێکمان نییە و ئاژەڵەکانیش وەکو جاران پێویستیان بە خۆراکە”.
حکومەتی ئەڵمانیا لە 15ـی ئادار وەکو هەنگاوێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی کۆڤید-19 بڕیاری داخستنی باخچەی ئاژەڵەکانی دا، لە بەرامبەردا بەشێک لە رێکخراوەکان داوای 109 ملیۆن دۆلاریان لە حکومەتی وڵاتەکە کردووە بۆ خزمەتگوزاری باخچەی ئاژەڵان. لەو بارەیەوە کاسپاری دەڵێت، “بەڵێنیان پێداوین پێنج ملیۆن دۆلارمان بۆ دابین بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە”.
لە 27ـی کانوونی دووەمی 2020 یەکەم تووشبووی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا تۆمارکرا، و تاوەکو ئێستا 134 هەزار و 753 کەسی دیکە تووشبوون، لەو ژمارەیەش 77 هەزاریان چاکبوونەتەوە و سێ هەزار و 804 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
رووداو









