بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆ ڕۆژی ١٦ی نیسان کۆتاییی دێت، بەڵام بەرپرسانی تەندروستی جەخت لەوە دەکەنەوە نابێ قەدەغەی ھاتوچۆ بە یەکجاری ھەڵبگیرێت .
ھێمن قادر، جێگری پارێزگاری ھەولێر، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد: “ئەوان لە کۆبوونەوەدان بۆ قۆناغی داھاتوو و بڕیاردان لەسەر پرسی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا.”
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەوتوون: “لە پارێزگای ھەولێر ئاسانکاریی زۆر بۆ ھاووڵاتیان دەکرێت و بەشێک لەو دووکان و شوێنە بازرگانیانەی پێویستن بۆ ھاووڵاتیان دەکرێنەوە، بەڵام بازاڕی گشتی و شوێنە گشتییەکان ناکرێنەوە، بەڵکو لەنێو گەڕەکەکان ئاسانکاری دەست پێ دەکات.”









