سەرۆك بارزانی ‎بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی سەری ساڵی ئایینی ئێزیدی پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە هەموو خوشك و برایانی ئێزیدی لە كوردستان و جیهان دەكات.

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە: “‎خوشك و برایانی ئێزیدی، وەک بەشێکی دانەبڕاوی گەلەکەمان، ئێش و ئازاری زۆریان بینیوە و دوژمنانی گەلەکەمان بەهەمان ئامانجی ئەنفال و کیمیاباران، جگە لەوەی بە دڕندانەترین شێوە ڕق و کینەی خۆیان بەسەر ئێزدییەکانیشدا ڕشتووە، لە هەمانکاتیشدا زۆرترین توانایان بۆ دابڕاندنی خوشک و برایانی ئێزدی لەگەلەکەمان خستۆتەگەڕ، بەڵام لەبەرانبەر ئیرادەی بەهێزی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانەی ئێزدییەکاندا، هەوڵەکانی دوژمن بێ ئاکام بووە”.

دەقی پەیامەکە:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

‎بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی سەری ساڵی ئایینی ئێزیدی، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەموو خوشك و برایانی ئێزیدی لە كوردستان و جیهان دەكەم و هیوای بەختەوەری و كامەرانیان بۆ دەخوازم.

‎خوشك و برایانی ئێزیدی، وەک بەشێکی دانەبڕاوی گەلەکەمان، ئێش و ئازاری زۆریان بینیوە و دوژمنانی گەلەکەمان بەهەمان ئامانجی ئەنفال و کیمیاباران، جگە لەوەی بە دڕندانەترین شێوە ڕق و کینەی خۆیان بەسەر ئێزدییەکانیشدا ڕشتووە، لە هەمانکاتیشدا زۆرترین توانایان بۆ دابڕاندنی خوشک و برایانی ئێزدی لەگەلەکەمان خستۆتەگەڕ، بەڵام لەبەرانبەر ئیرادەی بەهێزی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانەی ئێزدییەکاندا، هەوڵەکانی دوژمن بێ ئاکام بووە.

‎لەو بۆنەیەدا خوشك و برا ئێزیدییەكان و هەموو پێكهاتەكانی تر لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە كوردستان وڵاتی پێكەوەژیانە و دەبێ ئەوە فەرهەنگە دەوڵەمەندە بپارێزین و برایەتی و تەبایی فراوانتر بكرێت.

‎هیوادارم هەموو جەژن و بۆنەكانتان بە شادی و ئاسوودەیی بەڕێ بكەن و بمێنن بە خێر و خۆشی.

‎مسعود بارزانی
‎۱٤ـی٤ـی٢٠٢٠