18 تووشبووى دیكه‌ى په‌تاى كۆرۆنا، كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ى ڕزگاریی هه‌ولێر بوون، چاك بوونه‌وه‌ و ڕه‌وانه‌ى ماڵه‌وه‌ كرانه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14/4/2020، نه‌خۆشخانه‌ى ڕزگاریی هه‌ولێر، ڕاگه‌یاندراوێكى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌: “ئه‌مڕۆ لە نەخۆشخانەی ڕزگاری 18 كه‌س له‌ تووشبوانى كۆرۆنا بە تەواوەتی چاک بوونەوە و گەڕانەوە ماڵەوە، ئه‌مه‌ش دوای ئەوەی پشکنینیان بۆ کرا و ئه‌نجامى پشكنینه‌كانیان نێگەتیڤ ده‌رچوو”.

له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا داوا لە ھاووڵاتییان ده‌كه‌ن: “پابەند بن بە ڕێنوێنییه‌كان، بۆ ئەوەی بە تەواوی بەسەر کۆرۆنا سەرکەوین”.

تا ئێستا له‌ هه‌رێمى كوردستات 331 كه‌س تووشى په‌تاى كۆرۆنا بوونه‌، 208 كه‌س چاك بوونه‌ته‌وه‌، چوار كه‌سیش به‌هۆى په‌تاكه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ست داوه‌.