ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە هێمن قادر گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند كە به پێی بەیانی ژماره ٢٦ی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، قەدەغەی هاتوچۆ درێژ كرايه و پابەند بە ئەم بڕیارە، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر لە کۆبوونەوەی خۆیدا چەند ڕێکارێکی نوێی دەرکرد.
لە ڕێكارەكاندا داوا له دانيشتوانی پارێزگای هەولێر دەکەن پابەندی رێنماییەکان وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی بن له خۆپارێزی و مانەوە لە ماڵەوە، چونکە مەترسی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا هێشتا ماوە.
هەروەها هێزە ئەمنییەکان ڕاسپێردراون ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بەو کەسانە بگرنە بەر کە پابەندی ڕێنماییەکان نابن.
ژووری ئۆپەراسیۆن جەخت لە بەجێگەیاندنی تەواوی ڕێکارەکان دەکاتەوە و پێداگرن لەسەر تەواوبوونی ئەو ماوانەی قەدەغەی هاتوچۆیان تێدا ڕاگەیەندراوە، داواش لە هاووڵاتییان دەکەن پابەندی مانەوە بن لە ماڵەوە.
لە كۆتاییشدا هاتووە كە بە پێی ڕەوشی تەندروستی، كارئاسانی بۆ هاووڵاتییان دەکرێ لە هاتوچۆکردندا.









