سەرۆك بارزانی، بەبۆنەی جەژنی قیامە په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی خوشک و برایانی مەسیحی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان كرد ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قیامەی حەزرەتی عیسا مەسیح گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خوشك و برایانی كریستیانی كوردستان و عێراق و هەموو جیهان دەكەم و هیوای شادی و بەختەوەرییان بۆ دەخوازم.

لەو بۆنەیەدا جەخت لە فەرهەنگی لێبووردەیی و ئاشتیخوازیی گەلی كوردستان دەكەینەوە و پێویستیشە كوردستان هەردەم وەك شوێنی برایەتی و پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان لە ناوچەكەماندا بمێنێتەوە.

هیوادارم ئەو بۆنەیە ببێتە هۆی كۆتاییهاتنی پەتا و نەخۆشی و نەهامەتییەكان و، ئاشتی و ئارامی باڵ بەسەر ناوچەكە و جیهاندا بكێشێت و خوشك و برا مەسیحییەكانمان هەمیشە جەژن و خۆشییەكانیان لە ئاشتی و تەباییدا بكەنەوە.

بمێنن بەخێر و خۆشی

مسعود بارزانی
11ـی 4ـی 2020