ساسان دەروێش

ئەمڕۆ 10ی نیسانی 2020 لە شاری نایمێخنی هۆڵەندا، لە کڵێسەیەکدا مەراسیمی بە خاك سپاردن و ماڵئاویی لێکردن لە کۆچکرد و پیت مۆیلەر لە تەمەنی 91 ساڵیدا بەڕێوەچوو،کە لە 5ی نیسان ڕۆژی یەک شەممە کۆچی دوایی کرد لە ماڵەکەی خۆیدا بەهۆی نەخۆشی درێژخایانی، لە بارودۆخی کۆڕۆنا و سنووردارکردنی کۆبوونەوەی خانەوادە و هاوڕیانی تەنها توانیان 18 کەس بەشداربن ، بەڕێز دیندار کۆچەریش وەک تەنها کورد بەناوی بارەگایی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان.

تاجە گوڵینەیەک و هاوخەمی گەلی کوردی پێشکەشی هاوژین و خانەوادەکەیانی کرد، سەرەتا بەمیوزیکێک لە هێنانی جەنازەی خوالێخۆشبوو بۆ نێو کلێسەکە و دانانی تاجە گوڵینەکان و ڕێزگرتن بەپێوە وەستان و دواتر لەلایەن منداڵانی خانەوادەکەیان مۆمیان بۆ داگیرساندا، پاشان هاوژینەکەی خاتوو لیا فیسەر بەخێرهاتنی هەمووانی کرد و داوای لێ بوردنی کرد کە نەیان توانیوە هەموو دۆست و هاوڕیانی بانگهێشت بکەن بەهۆی بارودۆخی کۆڕۆناوە و ئاماژەی بەدۆستایەتی هەردوو ڕێزدار خەلیل سنجاری و خاتوو ئامینەش کرد وەک کورد و دۆستایەتیان و لە چەند دێڕێکیشدا تیشکی خستە سەر وێستگەکانی ژیانی پیت مویلەر و ئاماژەی بەکارە خێرخوازییەکانی دا لەگەڵ دۆستایەتی بۆ مرۆڤ دۆستی بەرامبەر گەلانی جیاواز بەتایبەتی گەلی کورد و سەرکردەی ڕۆحی نەتەوەیی کورد مستەفا بارزانی نەمر کە بەشانازییەکی گەوەری وەسفکرد لە دیدار و چونیان بۆ کوردستان بەتایبەتی حاجی هۆمەران.

دواتر لەلایەن قەشەی نێو کلێسەکە مەراسیمی ئاینی بۆ گێڕاو دوعاو نزای بۆ کرد کە شادبێت بە دنیایی جوانی وەک کارە خێرخوازەکانی کە بۆ مرۆڤایەتی پێشکەش کردوە، لە میانەی ئەو مەراسیمەشدا لەلایەن ئەندامانی خانەوادەکەیان لە نێو چەند پەیڤێکی کورتدا یادەوەریەکانی خۆیان گێڕایەوە و پاشان چەند ووتارێکیش لەلایەن هاوڕیانی پێشکەشکرا باسیان لە کەسایەتی وکار و خزمەتەکانیان کرد، بەتایبەتی هاوڕیی نزیک و هاوسەفەری بۆ کوردستان بەرێز فرێک هاسلار لە ووتەکەیدا بەتێرو تەسەل باسی لە چۆنیەتی گەشتەکەیان بۆ کوردستان و دیداری بارزانیی نەمر کرد وگوتی دڵخۆشین کە دیندار کۆچەر وەک کورد لەگەڵمان بەشدارە و ووتەیەکمان پیشکەش دەکات.

بەڕێز دیندار کۆچەریش لە ووتەیکدا بەزمانی هۆڵەندای بۆ ئامادەبوان گوتی :
سەرەتا بەناوی گەلی کورد پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمانتان پێ ڕادەگەیەنین بە هەموو خانەوادە و هاوڕیانی بۆ ئەم ماڵئاویی لێکردنەمان لە دۆستی گەلەکەمان کاکە پیت مویلەری خوالێخۆشبوو ، لە ڕۆژێکی ئەوەهادا لەبەرامبەر ئێوەی زیدە خۆشەیست و ئەم پیاوە مەزنەی کە ماڵئاوایی یەکجارەکی لێکردین، نازانم چۆن هەموو ووشەکانم کۆبکەمەوە بیکەمە شایستەی لەم دەرفەتە کەمەدا و بڕواناکەم بەش بکات بۆ گەورەیی، هەروەها لە رۆژە سەختەکانی شۆڕشەکەمان لە ئەیلوولی مەزن، ئێمە وەکو کورد گوتومانە کورد دۆستی نییە و تەنها دۆستەکانمان شاخەکانمانە، بەڵام لە ڕۆژێکی ئەوەهادا و لە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژوو بۆمان دەردەکەوێ پەشیمان بین لەم ووتەیەمان، چونکە ئێمە هەندێک دۆستمان هەیە کە بە گەورەی چیاکانی کوردستان گەورەن لەلامان، یەکیک لەودۆستانە پیت مویلەر وهەموو هاوەڵەکانی و هەموو ئەو دۆستانەی کە دۆزی کوردیان کردە سەرمەشقی کارکردنیان.

پیت مویلەر لە ساڵی 1973 خۆی و هاوەڵەکانی چوونە کوردستان کە گەلی کورد لە نزیکەوە بناسن کە بریتی بوون لە 7 کەسایەتی هۆڵەندی قوتابی و دیدەوانی بوون ، بەپاسێکی بچوک لە هۆڵەنداوە گەشتەکەیان بەناوی لە دواهەنگاوەکانی کسێنۆفۆن بەرەو ووڵاتی کاردۆخیەکان بڕی، بۆ ئەوەی ڕێگریان لێ نەکرێ لە ووڵاتانی دراوسیی کورد ودوژمن، لەپێشی پاسەکەیان نووسیبویان گەڕیدەین و بەشوێن هەنگاوەکانی کسێنۆفۆن دەچین و تۆماری دیدارەکانمان دەکەین لە شێوەی نووسینەوە ڕاپۆرت کە مەبەستی ڕاستەقینەشیان ئەوەبوو کە خۆیان بگەیەننە ژەنەڕاڵی نێو چیاکان بارزانیی نەمر لە حاجی هۆمەران، لەنێو گەشتێکی سەخت و گران ئامانجەکەی خۆیان پێکاو گەیشتنە نێو سەنگەرەکانی پێشمەرگە.

ساڵێک پاشتر جارێکی تر لە ساڵی 1974 لە شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دواجار بوو چاویان بە بارزانیی نەمر کەوتۆتەوە و چەند وێنەیەکیان لەگەڵ بارزانی چرکاند بۆ میدیکانی هۆڵەندا و بڵاویان کردەوە، بەداخەوە نسکۆ ڕێگری بوولە بەردەوامی ئەم دۆستانە، هەتاکو ساڵی 1991 و هاتنەوەیان بۆ کوردستان بەدەستی پڕ و خزمەتی زۆر و هاوکاریکردنی کورد لە کوردستان و لە دەرەوەش پەناهەندە کوردەکان جێگایی پێزانینمانە و هیج کاتێکیش ئەوەمان لە یادناچێ بەهۆی ڕێکخستنی گروپی دەستپێشخەری کوردستان لە دوای نسکۆ لە ئێرانەوە کۆمەڵێک کەسایەتی کوردیان گەیاندە هۆڵەندا و بوونە پەناهەندە و لەگەڵ ئەمەنەشدا دەیان چالاکی جۆرا و جۆری خێرخوازی و مرۆڤ دۆستی گەورەی ئەم پیاوە مەزنە نیشان ئەدەن

لە کۆتایدا بەهیواین خواسەبوریتان بدات و ئارامی ببەخشێت بەدڵتان و دڵنیاشتان دەکەین، ئێمەی کورد هیچ کات لەبیری ناکەین و بۆ هەمیشە لە نێودلمان زیندووە ، دووبارە سوپاستان دەکەم بۆ ئەم دەرفەتە و بانگهێشتکردنمان بۆ ماڵئاویی کردن لە دۆست و کەسێکی ئایزمان .