ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوت بە ڕێژەی 10% بەرز بووەوە، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕێككەوتنی رووسیا و سعوودیە لەسەر كەمكردنەوەیەكی بەرچاوی بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانە، چاودێرانییش پێیانوایە لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا نرخی بەرمیلی نەوتی برێنت دەگاتە 50 دۆلار.
تۆڕی هەواڵی (رووسیا تودەی) بڵاوی كردەوە كە كاتژمێر پێنج و نیوی ئێوارەی ئەمڕۆ بە كاتی مۆسكۆ، نرخی گرێبەستەكانی نەوتی برێنت بە ڕێژەی 10.4% بەرز بووەوە و نرخی هەر بەرمیلێك نەوت گەیشتە 36.24 دۆلار، ئەمەش لە كاتێكدایە رۆژی 13ی مانگی رابردوو بۆ یەكەم جار نرخی نەوت تا ئەم ئاستە نزم بووبووەوە.
هەروەها ئەم ئێوارەیە گرێبەستەكانی نەوتی خاوی ئەمریكی بە ڕێژەی 13% بەرز بووەوە و نرخی هەر بەرمیلێك گەیشتە 28.36 دۆلاری ئەمریكی.









