ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دەنگۆی بڵاوبوونەوەی گازی سارینی رەت كردەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە “گشت ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە کە باس لە بڵاوکردنەوەی گازی سارین دەکەن، چونکە ھیچ بنەمایەکی نیە و تەنھا پروپاگەندەیە، ھەر کەسێك ئەو جۆرە پڕوپاگەندانە یان گرتەی ڤیدیۆیی چەواشەکار تۆمار بکات و بڵاو بکاتەوە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر”.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە ھاووڵاتییان دەکات خۆیان دوور بگرن لە ھەموو جۆرە بڵاوکردنەوە و ناردنی پڕوپاگەندەیەك بۆ یەکتری، لە کاتی بوونی ھەر ھەواڵێك ئەوا لایەنی فەرمی لە حکوومەتی ھەرێم بڵاوی دەکاتەوە، وەزارەتی تەندروستی تاکە سەرچاوەی ڕاگەیاندنی هەر پێشهات و ڕووداوێکی تەندروستیە.








